لازۆ ئازاد کتێبی رێگەیەکی دیکەی بڵاوکردەوە
لازۆ ئازاد، خانمە نووسەر و شاعیری کورد، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناوی "رێگەیەکی دیکە" چاپ و بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 15ی ئایاری 2026، لازۆ ئازاد، خانمە نووسەر و شاعیر، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "کتێبی "رێگەیەکی دیکە"، جیاوازترین ئەزموونی نووسینمە لە ماوەی کار و بەرهەمە ئەدەبییەکانمدا. ئەم جارە هەوڵم نەداوە تەنیا بە زمانێکی شیعری و هونەری قسە بکەم، بەڵکو گرنگیم داوە بە بابەتێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی هەستیار کە ژیانی زۆر ژن و خێزان کاریگەری لەسەر هەیە. بۆیە ئەم کتێبە، ، کتێبێکی شیعر نییە، ، بەڵکو کتێبێکی زانیاری و هۆشیارییە کە لەسەر پەیوەندیی ناتەندروستی خێزانی و کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی هەڵوەستەکراوە."
لازۆ ئازاد گوتیشی، "لە ناوەڕۆکی کتێبەکەدا، بە شێوەیەکی روون و نزیک لە راستی ژیان، باس لەو دیاردەیە کراوە کە چۆن پەیوەندییە ناساخ و پڕ لە فشاری دەروونی دەتوانن کاریگەریی قووڵ لەسەر ژیانی ژنان دابنێن، بەتایبەت ژنانی پەنابەر و کۆچبەر کە لە ژینگەیەکی نوێدا، دوور لە خێزان و پشتگیریی کۆمەڵایەتی، زۆرجار بە تەنیایی رووبەڕووی کێشە و ترس و نائارامی دەبنەوە. کتێبەکە هەوڵدەدات بە زمانێکی سادە و تێگەیشتنێکی ئاسان، هەم زانیاری پێشکەش بکات و هەم هۆشیاری دروست بکات دەربارەی نیشانە و کاریگەرییەکانی ئەو پەیوەندییانە."
ئەو خانمە نووسەرە باس لە گرنگی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت، "رێگەیەکی دیکە، تەنیا باسکردنی کێشە نییە، بەڵکو بانگهێشتێکە بۆ بیرکردنەوە، ناسینەوەی خود، و دۆزینەوەی رێگەیەکی نوێ بۆ ژیانێکی ئارامتر و تەندروستتر. کتێبەکە هەوڵدەدات خوێنەر بگاتە ئەو تێگەیشتنەی کە هیچ مرۆڤێک نابێت لە ناو پەیوەندییەکی زیانبەخشدا بمێنێتەوە بە ناوی ئارامی خێزان یان ترسی کۆمەڵگە."
لازۆ ئازاد ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم بەرهەمە دەتوانێت سوودێکی تایبەت بە ژنانی کوردی پەنابەری بەریتانیا بگەیەنێت، چونکە زۆرێک لە بابەت و ئەزموونەکانی نزیکن لە راستی ژیانی ئەوان. هەروەها کتێبەکە دەروازەیەکە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی بابەتێک کە زۆرجار لە کۆمەڵگەدا بە بێدەنگی تێدەپەڕێندرێت. بەهیوام ئەم کتێبە ببێتە هۆی هاندانی ژنان بۆ ناسینەوەی مافەکانیان، بەهێزکردنی کەسایەتییان، و دروستکردنی ژیانێک کە تیایدا ئاسوودەیی و رێز لە بنەڕەتیە سەرەکییەکان بن."
لازۆ ئازاد، خانمە نووسەر و شاعیر، خەڵکی شاری سلێمانییە و دانیشتووی بەریتانیایە. خوێندنی باڵای لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان تەواو کردووە. لە چەندین رێکخراو و دامەزراوەی کولتووری و کۆمەڵایەتی وەک راوێژکار و ئەندامی دەستەی کارگێڕی کار دەکات. هەروەها ئەندامی بۆردی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بێرمینگهامە. تا ئێستا چوار کتێبی چاپکراوی هەیە. دەق و هونراوەکانی لە چەندین رۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاوبۆتەوە و بۆ چەند زمانێکی جیهانیش وەرگێڕدراون.