بەرازیل.. زاوایەک لە شەوی هاوسەرگیریدا بووکەکەی بە فیشەک کوشت

ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە شاری کامپیناسی بەرازیل کارەساتی بەدواخۆیدا هێنا، دوای ئەوەی تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم لە گوتنی وشەی "بەڵێ"، زاوا بە فیشەک کۆتایی بە ژیانی هاوژینەکەی هێنا.

گۆڤاری (people magazine)ـی ئەمریکی کە گۆڤارێکی هەفتانەیە لەسەر زاری میدیاکانی بەرازیل بڵاویکردەوەتەوە، ناجیلا دویناس ناسیمێنتۆ (34 ساڵ)، لە شەوی هاوسەرگیریەکەیدا شەممە 9ـی ئایاری 2026 لەلایەن هاوژینە نوێیەکەیەوە کە ناوی دانیال باربۆزا مارینۆ (55 ساڵ)ـە، کوژراوە.

پۆلیسی بەرازیل ئاماژەی بەوە کردووە، ناجیلا و دانیال کە ئەمەی دووەمیان واتە پیاوەکە لە ساڵی 1998ـەوە ئەندامی "پاسەوانی شارەوانی"یە، لە کاتی ئاهەنگەکەدا تووشی دەمەقاڵێیەکی توند بوون و دواتر بووە بە شەڕی جەستەیی لەنێوانیان. لە ناوەڕاستی گرژییەکاندا، دانیال چەکی فەرمی کارەکەی بەکارهێناوە و تەقەی لە بووکەکە کردووە و رایکردووە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، سەرەتا چەند فیشەکێکی لێداوە، بەڵام گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام بکوژەکە دوای ماوەیەک گەڕاوەتەوە بۆ شوێنی ڕووداوەکە و جارێکی دیکە تەقەی لە هاوژینەکەی کردووەتەوە تاوەکو لە گیانلەدەستدانی دڵنیابێتەوە.

ناجیلا دایکی سێ منداڵ بووە لە هاوسەری پێشووی، هەرچەندە تیمەکانی فریاگوزاری خێرا گەیشتوونەتە شوێنەکە، بەڵام لە کاتی ئاهەنگەکەدا گیانی گیانی لەدەستداوە و هەروەها شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن، پێش ئەوەی تاوانە ترسناکەکە رووبدات، کەسوکاری بووکەکە توانیویانە هەر سێ منداڵەکە بە سەلامەتی لەو ماڵە ببەنە دەرەوە کە ئاهەنگەکەی تێدا سازکرابوو.

دوای رووداوەکە، بکوژەکە خۆی پەیوەندی بە شوێنی کارەکەیەوە کردووە و هەواڵی تاوانەکەی پێداون، دواتریش بە تۆمەتی "کوشتنی ئافرەت دەستگیرکراوە و رەوانەی بەشی پاراستنی ئافرەتان کراوە بۆ مانەوە لە زیندان تاوەکو کاتی دادگاییکردن.

پۆلیس لە شوێنی تاوانەکە دەستی بەسەر چەک و فیشەک و قەوانەکاندا گرتووە. لە لایەکی دیکەوە، "پاسەوانی شارەوانی کامپیناس" لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی و داخی قووڵی خۆی بۆ رووداوەکە دەربڕی و جەختی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک کردەوە، هەروەها رایگەیاندووە، کە بەتەواوی هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەکەن بۆ دەرخستنی راستییەکان.