کەشناسی هۆکاری زۆربوونی رووداوەکانی هەورەبروسکە ئاشکرا دەکات

"پێشبینییەکانی دروستبوونی هەورەبروسکە بەردەوامە و مەترسییەکە نەڕەویوەتەوە"

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێ هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بەرکەوتنی هەورەبروسکەوە گیانیان لەدەستدا، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، هۆکارە زانستییەکانی پشتی توندبوونی ئەم دیاردەیە ئاشکرا دەکات و هۆشداریش دەدات کە هێشتا مەترسییەکە کۆتایی نەهاتووە.

هەینی، 15ـی ئایاری 2026، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24،  سەرەتا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکانی ئەمڕۆ کرد، کە بەهۆی هەورەبروسکەوە گیانیان لە دەستداوە و، رایگەیاند: ئەم شەپۆلە ناسەقامگیرە لە رووی کەشناسییەوە پێشبینیکراو بووە. 

ئاماژەی بەوە کرد، کە پێشوەختە هۆشدارییان دابوو لە دروستبوونی هەوری بروسکەداری جۆری (Cumulonimbus)، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە: "لە رووی زانستییەوە، دیاریکردنی چرکەسات و شوێنی تەواوی لێدانی چەخماخەکان لەسەر زەوی بەتەواوی مەحاڵە."

 

گۆڕانی کەشوهەوا و توندبوونی بروسکەکان

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی روونی کردەوە، کە لە کۆتایی وەرزی بەهاردا، یەکگرتنی بارستە هەوای ساردی چینە بەرزەکان لەگەڵ گەرمبوونی زەوی و شێ، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوری ستوونیی زۆر بەهێز. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانییە  (Climate Change).

هاوکات گوتی: "تێبینی دەکەین شەپۆلەکانی ناسەقامگیری توندتر بوونەتەوە و رێژەی شێ زیاد بووە، ئەمەش وزەیەکی زیاتر دەداتە هەورەکان و دەبێتە هۆی دروستبوونی بروسکەی بەهێزتر و کوشندەتر."

فازڵ ئیبراهیم هۆشداریی دا کە مەترسییەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و سیستەمە کەشناسییەکە بە تەواوی نەکشاوەتەوە، پێشبینیشی کرد کە بۆ سبەینێش ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسکەی کتوپڕ، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و رۆژهەڵاتی هەرێم بەردەوام بێت.

 

هەڵە کوشندەکان و ڕاستکردنەوەی باوەڕە باوەکان

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ کوردستان24، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری هەستیاری دایەوە کە پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانەوە.

سەبارەت بە هۆکاری زۆریی قوربانییان لە ناوچە کراوە و شاخاوییەکان، رایگەیاند: کە کارەبای بروسکە هەمیشە بە دوای کورتترین رێگادا دەگەڕێت بۆ زەوی؛ لە شاخەکاندا لووتکەکان ئامانجی یەکيمنن وم لە دەشتاییشدا کاتێک مرۆڤ بەپێوە دەوەستێت، دەبێتە بەرزترین خاڵ و وەک ئامێرێکی "بروسکەگر" کار دەکات. لە بەرامبەردا، شارەکان سەلامەتترن بەهۆی بوونی باڵەخانەی بەرز و سیستەمی دژەبروسکە کە بارگە کارەباییەکە بە سەلامەتی دەگەیەننە ژێر زەوی.

فازڵ ئیبراهیم باوەڕێکی باوی ناو کۆمەڵگەی راستکردەوە سەبارەت بە مۆبایل و گوتی: "بەکارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێت بروسکە راناکێشێت، ئەمە تێگەیشتنێکی چەوتە، بەڵام ئەوەی مەترسیدارە بەکارهێنانی مۆبایلە لە کاتی بارگاویکردن (شەحنکردن)، یان سەرقاڵبوونی کەسەکەیە بە مۆبایلەوە کە وای لێدەکات ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی دەوروبەری نەبێت."

هەروەها هۆشدارییەکی توندی دا لە چوونە ژێر درەخت لە کاتی باران و بروسکەدا و بە "گەورەترین و کوشندەترین هەڵە" وەسفی کرد، چونکە تەزووی کارەبای سەر زەوی (Ground Current) بە چواردەوری درەختەکەدا بڵاودەبێتەوە و کەسی ژێر درەختەکە دەکوژێت.

 

چۆن خۆمان بپارێزین؟

سەبارەت بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی، بەڕێوەبەری کەشناسی هەرێم "یاسای 30-30"ی بیر خستەوە؛ واتە ئەگەر لە نێوان بینینی چەخماخەکە و بیستنی دەنگی گرمەکە کەمتر لە 30 چرکە بوو، مەترسییەکە راستەوخۆیە.

ئەو داوای کرد لەو کاتانەدا هاووڵاتییان پەنا ببەنە بەر ئۆتۆمبێل، چونکە بەهۆی دیاردەی (قەفەسی فارادای - Faraday Cage)ەوە، ئۆتۆمبێل کارەباکە بە ڕووی دەرەوەیدا تێپەڕ دەکات بۆ زەوی بەبێ ئەوەی زیان بە سەرنشینەکان بگەیەنێت، بە مەرجێک پەنجەرەکان داخرابن.

بەڵام ئەگەر پەناگە نەبوو، ڕێنمایی دا کە: "نابێت مرۆڤ بەپێوە بوەستێت یان پاڵکەوێت، بەڵکو دەبێت لەسەر چۆک دابنیشێت، سەری بخاتە نێوان ئەژنۆکانی و تەنیا بە نووکی پێیەکانی دەست لە زەوی بدات، ئەگەر چەند کەسێکیش بوون، پێویستە 5 بۆ 10 مەتر لە یەکتر دوور بکەونەوە."

لە کۆتایی لێدوانەیەکیدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، فازڵ ئیبراهیم پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتییان، گەشتیاران و شوانکاران کرد و گوتی: "تکایە گەشتەکانتان بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەشتاییەکان دوابخەن. ئەگەر هەر ناچاریش بوون بچن، بەردەوام چاودێری ئاسمان بکەن، ئەو هەورانەی وەک قارچک قەبە دەبن و رەشن، مەترسیدارن. لەگەڵ بیستنی یەکەم دەنگی گرمەی هەور، بچنە ناو شوێنێکی سەرپۆشراو یان ناو ئۆتۆمبێلەکانتان.سروشت لە ئێمە بەهێزترە، و خۆپاراستن باشترە لە پەشیمانی."