دهۆک.. شانۆگەریی "مافیا؛ وڵاتێ رەش" نمایش دەکرێت
شانۆگەریی "مافیا؛ وڵاتێ رەش"، لەژێر درووشمی "هونەر زمانی راستییە لە جیهانێکی تاریک دا"، لە دهۆک لەهۆڵی محەمەد عارف جەزیری نمایش دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 16ی ئایاری 2026، حەمرین جەمیل، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ "شانۆگەریی "مافیا؛ وڵاتێ رەش" هەوڵێکی هونەرییە بۆ ناساندنی ئەو جیهانە تاریک و ئاڵۆزانەی کە مرۆڤ تێیدا لەنێوان ترس و بێدەنگیدا ژیان بەسەر دەبات. چیرۆکی نمایشەکە لە وڵاتێکی خەیاڵیدا روودەدات؛ وڵاتێک کە مافیا و هێزە نادیارەکان بەسەر چارەنووسی خەڵکدا زاڵبوون کە هەموو شتێک لەژێر سایەی ترس و گوماندا دەگوزەرێت."
حەمرین جەمیل گوتیشی؛ "رووداوەکان بە دەوری کۆمەڵێک کەس دەسوڕێنەوە کە هەر یەکەیان بە شێوەیەک قوربانی ئەو سیستەمە تاریکەن. هەندێکیان بۆ مانەوە ناچار دەبن بێدەنگ بن، هەندێکی تر هەوڵی رووبەڕووبوونەوە دەدەن، بەڵام لە هەموو هەنگاوێکدا راستی و درۆ تێکەڵ بە یەکتر دەبن. نمایشەکە بە زمانێکی رەمزی و پڕ لە نیشانە هونەرییەکان، ئەو بارودۆخە پێشان دەدات کە مرۆڤ چۆن دەگۆڕێت کاتێک ترس دەبێتە یاسای ژیان."
ئەو دەرهێنەرە باس لە کەسایەتییەکانی ناو نمایشەکە دەکات و دەڵێت؛ "لە ناو چیرۆکەکەدا کەسایەتییە سەرەکییەکان هەریەکەیان نوێنەری بیر و هەستێکی جیاوازن؛ یەکێک نوێنەری ملکەچیبوون و کەسێکی دیکەش نوێنەری ئەو مرۆڤەیە کە لەنێوان هەڵبژاردنی راستی یان پاراستنی ژیانی خۆیدا سەرلێشێواوە. بەهۆی ئەم ملمێلانە دەروونی و کۆمەڵایەتییانە، نمایشەکە تەنیا گێڕانەوەی چیرۆکێک نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە بۆ ئەو واقیعەی کە زۆر جار لە کۆمەڵگەکاندا بە شێوەی جیاواز دووبارە دەبێتەوە."
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 16ی ئایاری 2026، شانۆگەری "مافیا؛ وڵاتێ رەش"، نمایش بکرێت و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت.
شانۆگەری "مافیا؛ وڵاتێ رەش"، لە نووسینی هەڵکەوت ئیدریسە و لە دەرهێنانی حەمرین جەمیلە، هەر یەکە لە سیروان گویی و مستەفا رابەر و زۆزان خدر و محەمەد ئیدریس و هەرمان هاشم و هۆزان حەیدەر و حوسێن عەبدولواحید رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.