کیژان خەسرەو: فڵچە، زمانێکی بێدەنگی منە
ئەمڕۆ شەممە، 16ـی ئایاری 2026، کیژان خەسرەو، خانمەهونەرمەندی شێوەکار، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی و باس لە نوێترین پڕۆژەی خۆی دەکات.
کیژان خەسرەو دەڵێت: "هونەری مۆدێرن لوتکەی ئازادیی هونەرمەندە. شوێنێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بێ سنوور، بێ ترس و بێ پابەندیی قاڵبە باوەکان، ناخی خۆی بدۆزێتەوە."
کیژان خەسرەو، خانمەهونەرمەندی شێوەکار، دەربارەی ئەزموونی خۆی لەکاری هونەری بە کوردستان24ی گوت: "پەیوەندیی من بە هونەرەوە، زۆر پێش قۆناخی خوێندنم دەستی پێکردووە. هونەر هەر لە منداڵییەوە لە ناخم دا چەکەرەی کردووە و لەگەڵم دا گەورە بووە. بۆیە ئەگەر رۆژێک هونەرم لێ وەربگیرێتەوە، وەک مرۆڤێک نامێنم، چونکە بوونی من بە داهێنان و رەنگەوە گرێدراوە. ئەو شتەی کە کارەکانی من لە زۆر هونەرمەندی تر جیا دەکاتەوە، ئەو ئازادییەیە کە لە شێوازی کارکردنم دا هەیە، باوەڕم وایە هونەرمەند نابێت خۆی لە قاڵبی یەک ستایلدا زیندانی بکات، بۆیە کاتێک کارێک دەکەیت، دەبێ وەک وەرگێڕێکی خەونەکانت مامەڵە لەگەڵ تابلۆکانت دا بکەیت، هەروەها بە شێوازی کلاسیکی یان مۆدێرن، ئەو شتانە دەبێ بخەیتە سەر شانۆی رەنگ کە خاوەن کارەکە دەیەوێت. بەڵام لە پڕۆژە تایبەتییەکانی من دا، بەرەو جیهانی مۆدێرن، کۆلاج و ئەبستراکت دەڕۆم و زیاتر ناسنامەی هونەری خۆم دەردەخەم. هەروەها لە کارەکانم دا زیاتر پشت بە رەنگی رۆن دەبەستم، چونکە بەو جۆرە رەنگە دەتوانم بە وردی و ئارامی لەگەڵ تابلۆکەدا بمێنمەوە، چونکە خاوکردنەوەی کار، بەشێکە لە چێژی دروستکردنی هونەر. هەروەها هەندێک جار بە بۆیەی ئەکرلیک و تەنانەت بە چەقۆش کار دەکەم، بەتایبەتی کاتێک پێویستم بە وشکبوونی خێرای رەنگ هەبێت."
کیژان خەسرەو گوتیشی، "شێوەکاری سەرکەوتوو تەنیا ئەو کەسە نییە کە جوان تابلۆ بکێشێت، بەڵکو پێویستە سێ بنەمای گرنگی تێدا بێت؛ یەکەم، لێهاتوویی و شارەزایی لە بەکارهێنانی کەرەستە و تەکنیک. دووەم، هەبوونی ناسنامەی تایبەت کە کارەکانی لەوانی تر جیا بکاتەوە. سێیەمیش، توانای گواستنەوەی هەست و پەیام؛ ئەو خاڵەی وا دەکات بینەر لە پشت رەنگ و شێوەکانەوە مانا و هەستێک بخوێنێتەوە."
ئەو خانمەهونەرمەندە باس لە هونەری مۆدیرن دەکات و دەڵێت: "هونەری مۆدێرن لوتکەی ئازادیی هونەرمەندە. شوێنێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بێ سنوور، بێ ترس و بێ پابەندیی قاڵبە باوەکان، ناخی خۆی بدۆزێتەوە. پێم وایە هونەری مۆدێرن لە ئەمڕۆدا بووەتە زمانێکی گشتی، چونکە خەڵکی زیاتر روو لە سادەیی و فەزای مۆدێرن دەکەن و دەیانەوێت تابلۆ ببێتە بەشێکی زیندوو لە ژیانی رۆژانەیان."

کیژان خەسرەو ئاماژەی بەوەش دا، "کارەکانی من لە رابردوودا زیاتر دەوریان لەسەر ژن و دونیای ناوەوەی ئافرەت دەسووڕایەوە. رەنگەکانم چیرۆکی خەم، هیوا و هەستەکانی ژنانیان دەگێڕایەوە. بەڵام ئەمڕۆ بیرکردنەوەی هونەریی من بەرەو ئاسۆیەکی فراوانتر چووە و خەیاڵم بۆ تابلۆگەلێکی گەورە دەچێت کە بتوانم دەنگی مرۆڤ و هەستەکانی بم. من دەمەوێت هونەر تەنیا بۆ جوانی نەبێت، بەڵکو ببێتە زمانێک بۆ گواستنەوەی ئازار، هیوا و خولیای مرۆڤ."
دەربارەی کاریگەریی تەکنەلۆجیا لەسەر هونەری شێوەکاری، کیژان خەسرەو گوتی: "بوونی تەکنەلۆجیا هەندێک جار لە بەهای دەستڕەنگینی کەم دەکەنەوە و هەندێک هونەرمەند پشت بە بەرنامە دیجیتاڵییەکان دەبەستن، بەڵام لە هەمان کاتدا من باوەڕم وایە ژیری دەستکرد دەرگایەکی گەورەی نوێی بەڕووی هونەردا کردووەتەوە. ژیری دەستکرد دەتوانێت لە چرکەیەکدا ملیۆنان ستایل و مێژووی هونەری کۆبکاتەوە و کاتی هونەرمەند بپارێزێت، بۆیە ئەگەر بە دروستی بەکاربهێندرێت، ئامرازێکی یارمەتیدەرە نەک جێگرەوەی هونەر."
کیژان خەسرەو ئەوەشی باس کرد: "لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، من بە تابلۆکانم بەشداریی چەندین پێشانگەی کاریگەرم کردووە وەکو، پێشانگەی "ژێرزەمین"، لە ئەمنە سورەکەی سلێمانی، لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی دیکە کارەکانم نمایش کرد کە بە تەکنیکی کۆلاج گوزارشتیان لە هەست و ژیانی ژنان دەکرد. هەروەها لە پێشانگەی "هاوارەکانی ژێر خاک"دا، بە شێوازی تێگەیشتن و بە بۆیەی ئەکرلیک، تابلۆگەلێکم دروست کرد کە باس لە ژنانێک دەکەن کە بێدەنگییان بووەتە بەشێک لە مێژوو. لە هەولێریش، لە پێشانگەی "زین" دا، لەگەڵ هونەرمەندانی تر لەسەر جوانی و رەسەنایەتی ئەسپ کارم کردووە.

ئەو خانمە شێوەکارە باس لە بەردەوامی و فێربوون لە کارەکانی دا دەکات و دەڵێت، "خۆم بە هونەرمەندێکی گەڕۆک دەزانم؛ من کەسێکم کە بڕوام وایە هونەر ئۆقیانووسێکی بێکۆتاییە و هونەرمەند هەرگیز ناگاتە ئەو شوێنەی بڵێت "هەموو شتێک فێربووم". بۆیە هەمیشە بەدوای فێربوون، تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی تەکنیک و روانگەی نوێدا دەگەڕێم. پەیامی سەرەکیی کارەکانی من بەردەوامی و نوێبوونەوەیە. من دەمەوێت لە رێگەی رەنگ و تابلۆوە بڵێم؛ هونەر سنوور ناناسێت و مرۆڤ دەتوانێت بە شێوەیەکی سادە، جیهانێکی جوانتر بۆ خۆی و دەوروبەری دروست بکات."
لە کۆتایی قسەکانیدا، کیژان خەسرەو باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت، "پڕۆژە نوێیەکەم لە کاتێکدا دەستپێدەکات کە فەزا و کاتێکی فراوانم هەبێت بۆ نوقمبوون لە ناو کۆنسێپتێکی قووڵی کۆمەڵایەتیدا. لە ئێستادا، بیر و هەستم بە پرسە مرۆیی و دەروونییە قورسەکانەوە سەرقاڵە، ئەوەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر داهێنانی هونەریی من هەیە. بەڵام بڕوام وایە هونەرمەند دەتوانێت لە ناخی ئازار و بیرکردنەوە قووڵەکانەوە شتێکی جوان و مانادار بخولقێنێت. هونەرمەند لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی ئازادە و هەمیشە بەدوای جوانی و رەسەنایەتی ژیاندا دەگەڕێت. بۆیە هەوڵ دەدەم جیهانی هونەریی خۆم پاک و دوور لە هەر شتێک بپارێزم کە بتوانێت رۆحی شێوەکارییەکانم تێکبدات. ئەم پڕۆژە نوێیەش رەنگدانەوەی ئەو هەوڵەیە کە مرۆڤ چۆن دەتوانێت لە ناو فشار و چاودێریی دەوروبەردا، هێشتا ئازادی و رەسەنایەتی خۆی بپارێزێت."
کیژان خەسرەو، خانمەهونەرمەندی شێوەکار، لە ساڵی 1999 لە سلێمانی لەدایکبووە. دەرچووی بەشی گرافیک دیزاینە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی. بەشداریی چەندین پێشانگەی شێوەکاری لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە لەکاری هونەری.
