لارا دزەیی: پۆشینی جلی کوردی لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی کان زۆر گرنگە

رۆژی هەینی لارا دزەیی، دیزاینەری جیهانیی کورد، بە دیزاینێکی تایبەتی خۆی بەشداری لە 79ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان کرد.

شەممە 16ـی ئایاری 2026، لارا دزەیی، دیزاینەری جلوبەرگی ناسراوی کورد، بۆ کوردستان24 باس لە ئەزموونی بەشداریکردنی لە 79ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان کرد، و ئاماژەی بەوە کرد، فێستیڤاڵی کان تەنیا بۆ ئەکتەرەکان نییە، بەڵکوو ساڵانە هەموو کەسایەتییە ناسراوەکانی جیهان لە بوارە جیاوازەکانی وەک دیزاینەر، مۆدێل، گۆرانیبێژ و هونەرمەندان بانگهێشت دەکرێن.

لارا کە وەک دیزاینەرێکی جیهانیی کورد، بانگهێشتی فێستیڤاڵەکە کراوە و گوتی: کارەکانی و نمایشەکانی لە پاریس و میلان دەنگدانەوەی جیهانییان هەبووە و هەر ئەوەش وای کردووە سەرنجی رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە رابکێشێت.

لارا جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکی لە بەشداریکردنی، ناساندنی کولتوور و جلی کوردی بووە بە جیهان. باسی لەوە کرد، "پۆشینی جلی کوردی لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵێکی وەک کان زۆر گرنگە بۆ نیشاندانی شوناس و کولتوورەکەمان."

ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە جلی کوردی تەنیا لە چوارچێوەی فۆلکلۆریدا نەمێنێتەوە، بەڵکوو بە شێوازێکی مۆدێرن دیزاین بکرێت کە بۆ شوێنە نێودەوڵەتییەکان و سەر فەرشی سوور گونجاو بێت. بە بڕوای ئەو، دەکرێت جلی کوردی بە جۆرێک دیزاین بکرێت کە لەگەڵ مۆدەی سەردەمدا بگونجێت و سەرنجی جیهان رابکێشێت.

پێشتر ئەو دیزاینەرە جیهانییە کوردە بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، بۆ ئەم بۆنە جیهانییە، یەکێک لە ناوازەترین کارە کولتوورییەکانی خۆی دەپۆشێت.

لارا دزەیی ئاماژەی بەوە دابوو، ئەو پۆشاکەی بۆ ئەمساڵ ئامادەی کردووە ناوی "تیشکی خۆر"ە . ئەم دیزاینە تێکەڵەیەکە لە کولتووری رەسەنی کوردی و ستایلی مۆدێرنی "کۆتۆر" .

سەبارەت بە سەرچاوەی ئیلهامی ئەم پۆشاکە، لارا گوتی: "دیزاینەکە ئیلهامی لە خۆرەکەی ناو ئاڵای کوردستان وەرگرتووە، کە گوزارشت لە رووناکی، هێز و ئەو نیشتمانە دەکات کە منی لێوە هاتووم."