ئەژی ئەمین: دادگاییکردنی راگیراوانی لالەزار گاڵتەجاڕییەکی سیاسییە
ئەژی ئەمین: لەژێر هەڕەشەی بافڵ تاڵەبانی، دادگاییکردنەکان بۆ شکاندنی کەرامەتی دەستگیرکراوان بەکاردەهێنرێن
ئەژی ئەمین لەبارەی دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار و دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت؛ ئەوەی لە دادگاییکردنی راگیراوانی لالەزار روودەدات، تەنیا شانۆگەرییەکی "گاڵتەجاڕانە"یە. سەرانی ئێستای یەکێتی (بافڵ و قوباد تاڵەبانی) دەیانەوێت شکۆی دادگا بشکێنن و حوکمڕانییەکی سەرکوتکارانە بەسەر شاری سلێمانیدا بسەپێنن.
ئەژی ئەمین ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، راگەیاندراوەکەی دەرکردووە و تێیدا هاتووە "راگیراوان رووبەڕووی توندترین جۆری ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە بۆ ئەوەی ناچار بکرێن دان بەو تاوانانەدا بنێن کە ئەنجامیان نەداوە. شایەتیی شاهێدەکان لەناو دادگا ئەوەی سەلماندووە کە دانپێدانانەکان لەژێر فشار و سوکایەتیدا وەرگیراون".
لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بەوە دەکات "ئەم کردەوانە پێشێلکارییەکی راشکاوی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی دژە ئەشکەنجە و ماددەکانی 37 و 333ـی دەستوور و یاسای سزادانی عێراقین، کە هەر دانپێدانانێک لەژێر ئەشکەنجەدا بێت بە پووچەڵ و بێبایەخ هەژماری دەکەن".
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لەبەرەی گەل بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ دوای دانیشتنی 14ـی ئایاری 2026، ئاسایشی سلێمانی بەناوی بافڵ تاڵەبانییەوە پەیوەندییان بە تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگییەوە کردووە و هەڕەشەی توندیان لە خۆیان و کەسوکاریان کردووە، کە ئەگەر لە دانیشتنەکانی داهاتوودا هاوشێوەی ڕابردوو مامەڵە بکەن، ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی خۆیان دەبێت. ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی یاسا و چاوترسێنکردنی پارێزەران وەسف کراوە.
تیمی پارێزەران یاداشتێکیان ئاڕاستەی کونسوڵخانەکان کردووە و تێیدا ئاشکرایان کردووە کە "حەمەڕەش" (پێشمەرگەی لاهور شێخ جەنگی) لە ماوەی 9 مانگی دەستبەسەریدا ئەشکەنجەی دراوە؛ سەری شکێنراوە، پشتی بە چەقۆ بریندار کراوە، ددانەکانی شکێنراون و سوکایەتی بە شکۆ و پیاوەتی کراوە، کە ئەمە تاوانێکی دژە مرۆییە.
دەقی راگەیەندراوەکەی ئەژی ئەمین؛
هاووڵاتییانی کوردستان
خەڵکی بەشەڕەفی کوردستان
نوێنەرایەتیى وڵاتانى بیانی لە هەرێمى کوردستان
ئەوەى لە میانەى بەڕێوەچوونى دادگاییکردنى ڕاگیراوانی لالەزار ڕوویدا و بیسترا مایەى هەڵوەستە لەسەر کردنە. سەرانى یەکێتى ئێستاى دەباشان، وەکو چۆن تەواوى ئەندامانى سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسى حزبەکەیان زەلیل کردووە، دەیانەوێت ئەو زەلیلى و حوکمڕانیەى جووتبراکە لەناو شار پیادە بکەن و حوڕمەتى دادگا بشکێنن.
دوای سێ جار دادگاییکردنى ڕاگیراوانی لالەزار، دەرکەوت دادگاییکردنەکە گاڵتەجاڕانەیە، چونکە سەرانى یەکێتى ئێستا دەیانەوێت وا نیشانی خەڵك بدەن، کە ئەوە دادپەروەری و حوکمی قانونە بەسەریاندا جێبەجێدەکرێت، لەکاتێکدا بافڵ حیسامەدین و قوباد حیسامەدین دوور لە بەهاکانی مرۆڤایەتی و ڕەوشتی کوردانە دەیانەوێت بە ئەشکەنجەدان و سوکایەتیپێکردن و ئازاردانى نامرۆڤانەى ڕووشکێنەوە، لەدواى پەلاماردانى هۆتێل و ماڵ و موڵکى خەڵک و هاوسەرۆکى پێشووى یەکێتى و شەهیدکردنى چەند پێشمەرگەیەکى ئەنجومەنى ئاسایش، هێشتا دڵیان ئاوى نەخواردۆتەوە و دەیانەوێت بەزۆر دانپێدانان بە ڕاگیراوان واژۆبکەن و لەسەر کارێک تاوانباریانبکەن، کە نەیانکردووە. دواى شایەتییەکەى یەکێک لە شاهێدەکان لەناو هۆڵی دادگا و بەربەرچاوی دەیان کەس لە ئامادەبووى دادبینییەکە و پارێزەر و دادوەر و نوێنەری وڵاتانی بیانی، ئەوە بە زیادەوە پشتڕاستکرایەوە کە لەژێژ ئەشکەنجەدا، ئەو دانپێدانانەی پێ ئیمزا کراوە و سوکایەتیان بەجەستەشی کردووە، ڕووی ڕاستى و ڕاستەقینەى ئەو ترسنۆکانە بۆ کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان و شارى هەڵمەت و قوربانى بەتەواوی ئاشکرا بوو.
لەبەرئەوە ئەم پرسە پرسێکی ترسناکە و تاقیکردنەوەی پرۆسەی دادوەرییە. ئەمە لەکاتێکدایە کە قانونی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی بڕوانامەی مافەکانی و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان زۆر ڕاشکاوانە جەختی لێدەکاتەوە نەوەک هەر بەتاوانی دەزانێت، بەڵکو هەر لەدەستپێکەوە، وازهێنان و ڕاگرتنی هەر ئازار و ئەشکەنجەیەکی دەروونی و جەستەیی هەر دیل و گیراوێک بە پرەنسیپێکى سەرەکى و باڵای خۆی دەزانێت، واتە بەهیچ شێوەیەک نابێت ئەم سەرەتایە پێشێلبکرێت تەنانەت لە باری ناکاو و جەنگیشدا.
لەژێر ڕۆشنای ئەم ڕێسا فەرمانبەردارە، کە دەبێتە مایەی پاراستنی شکۆی مرۆڤ لە دژی هەر ئازار و ئەشکەنجەیەکی دەروونی یان جەستەیی لە کاتی لێکۆڵێنەوە. کۆمەڵێک بڕوانامە و ڕێککەوتننامەی نێوڵەتی هەن لەوانە: بڕگەى پێنجەمى جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی ساڵی 1948، ماددەکانی 7، 10، 14 پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ساڵی 1966، ماددەکانى 1، 2، 15ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی دژە ئەشکەنجە، ماددەکانی 2 و 15 ڕێساکانی ماندێلای ساڵی 2015، هەروەها قانونی نێودەوڵەتی مرۆیی، واتە هەر چوار ڕێکەوتننامەکەی جنێڤی ساڵی 1949.
هەر ناوەڕۆکی ئەم ماددە قانونیانەی قانونی نێودەوڵەتی، بەشێوەیەک لە شێوەکان، لە دەستوری قانونە خۆجێیەکانی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا جەختی لەسەر کراوەتەوە. هەر بۆ نمونە لە دەستور و قانونی سزادانی عێراقیشدا زۆرڕاشکاوانە ڕێکاری ڕێگرتن و دژە ئەشکەنجە هاتووە، ماددەی 37 لە دەستوری 2005 عێڕاقیدا هەموو جۆرە ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و هەر ڕەفتارێکی نامرۆڤانەی قەدەغەکردووە، هەموو دانپێدانانێکیش گەر بە ئازار و ئەشکەنجەکرابێت بە پووچەڵ دادەنرێت و نابێت حیسابی بۆ بکرێت، هەروەها کەسی زەرەزەرمەند مافی قەرەبووی ماددی و مەعنەویشی هەیە. ماددەی 333ـی یاسای سزادانی عێراقی ئازاردان و ئەشکەنجەدان بە تاوان هەژمار دەکات، ماددە 127ـی ئوسوڵی موحاکەماتی جەزائیی عێراقیش تەرخانە بۆ ئەم پرسە و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە نابێت بە هیچ شێوازێک بۆ پرسی دانپێدانان پەنا ببرێتە بەر ئازار و ئەشکەنجە.
ئەوەى جێگەى سەرسوڕمانە، هێزێک بە سەرپەرشتى چەند تۆمەتبارێک کە پێشتر تۆمەتباربوون بە تیرۆر و کارى تێکدەرانە، بە چەندین چەک و تەقەمەنیى قەدەغەکراو و تۆپ و هاوەن و درۆن لەناوجەرگەى شار هێڕشیان کردەسەر برازاکانى مام جەلال و ئەندامانى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان، کەچى ئێستا دادگا لەجیاتى لێپرسینەوە لە خوێنى قوربانیانى ئەو کارەساتى ئەو شەوە ڕوویدا، هاتووە دادگایى ئەو کەسانە دەکات کە هێرشیانکراوەتەسەر، کورد گوتەنى: هەتا خاوەن ماڵ دزی گرتە دەست، دز خاوەن ماڵی گرت و دەستی بەست.
لێرەدا بەپێویستى دەزانم داوا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دادگا و دادوەرانی بە ویژدان و پارێزەران و خەڵكی بەشەڕەفى کوردستان بکەم، لەو تاوانە قێزەونانە بێدەنگ نەبن و تا زووە بێنەدەنگ، چونکە ئەوە پرسێکە و هەموو تاکێکی ئەو نیشتمانە دەگرێتەوە، دەبێت ڕێگرى بکرێت لە هەڕەشەی حوکمڕانیى جووتبرا قوباد و بافڵ حیسامەدین بۆسەر شکۆى دادگا و شارى هەڵمەتى قوربانیى و دیموکراسیى هەرێمى کوردستان.
لەکاتێکدا لە ساڵیادی یەکێتییەکەی ڕەوانشاد مام جەلال نزیک دەبینەوە، بەداخەوە بافڵ و قوباد حیسامەدین حزبەکەیان کردووە بە کۆمپانیایەکی مقاوەلاتی بەرژەوەندییە شەخسییەکانی خۆیان و گرێبەستی بەکرێدانی مەوقیف و سیاسەتیان بە ئەم لا و لا.
ئەژى ئەمین
16ـی ئایاری 2026