ئەکسیۆس: پێشنیازە نوێیەکەی ئێران هیچ گۆڕانکارییەکی جەوهەری تێدا نییە
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا رایانگەیاند کە واشنتن نوێترین پێشنیازی تارانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رەت کردووەتەوە، بەو پێیەی پێشنیازەکە هیچ "گۆڕانکارییەکی جەوهەری" تێدا نییە. ئەمەش وای کردووە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە بژاردەی سەربازی بخاتەوە سەر مێزی بڕیار.
دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (Axios)، پێشنیازە هەموارکراوەکەی ئێران کە شەوی یەکشەممە لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە گەیشتووەتە دەست ئەمریکا، تەنیا هەندێک گۆڕانکاریی رووکەشی تێدایە. هەرچەندە تاران لە دەقەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت، بەڵام هیچ بەڵێنێکی روونی تێدا نییە سەبارەت بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم یان رادەستکردنی پاشکەوتە پیتێنراوەکانی ئێستا بە ئەمریکا.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاکسیۆسی راگەیاندووە: "ئێمە هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆمان لە دانوستانەکان نەکردووە و لە دۆخێکی زۆر مەترسیداین." ناوبراو هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "کات ئەوەیە کە ئێرانییەکان هەنگاوی کردەیی بنێن، ئەگەر ئەوە روو نەدات، ناچار دەبین (دانوستانەکان لە رێگەی بۆمبەوە) بەردەوام بکەین، کە ئەمەش جێگەی داخی دەبێت."
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ خۆی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رایگەیاندبوو کە "کات بۆ ئێران خەریکە کۆتایی دێت" و ئەگەر نەرمی نەنوێنن، "زۆر بە توندی لێیان دەدرێت."
لە کاتێکدا میدیا فەرمییەکانی ئێران باسیان لەوە دەکرد کە ئەمریکا رازی بووە بە هەڵپەساردنی هەندێک لە سزاکانی سەر نەوتی ئێران، بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەیان رەتکردەوە و جەختیان کردەوە کە هیچ لادانێکی سزاکان "بەبێ بەرامبەر" ئەنجام نادرێت و دەبێت ئێران سازشی راستەقینە پێشکەش بکات.
بڕیارە سبەینێ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ تیمی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان کۆببێتەوە. ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە تاوتوێکردنی بژاردە جیاوازەکانی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانە، بەو پێیەی واشنتن پێیوایە ئێران تەنیا کات دەکوژێت و ئامادەی رێککەوتنی کۆتایی نییە.