ئیمارات: شەش درۆنمان تێکشکاند کە لە عێراقەوە هەڵدرابوون

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی رێگرییان لە شەش درۆن کردووە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی ناوچە مەدەنی و ستراتیژییەکان کراون، ئاشکراشی دەکات کە وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە" یەکێک بووە لە ئامانجەکان.

سێشەممە 19ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگری ئیمارات راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا، توانیویانە رێگری لە 6 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) بکەن کە سەرجەمیان لە خاکی عێراقەوە هاتوون و ناوچە مەدەنی و گرنگەکانی وڵاتیان کردبووە ئامانج.

ئاماژەشی داوە، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی بە سەرکەوتوویی ئامانجە کانیان تێکشکاندووە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان زیان بە دامەزراوە ستراتیژییەکان بکەوێت.

وەزارەتی بەرگری ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەربارەی هێرشەکەی 17ی ئایار بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە" ئاشکرا کرد و رایگەیاند: بە سێ درۆن هێرشەکە کرابوو، دووانیان تێکشکێنراون و سێیەمیان بەر مۆلیدەیەکی کارەبا کەوتووە لە دەرەوەی پەرژینی ناوەندی وێستگەکە؛ ئاماژەشی دا، ئەنجامی بەدواداچوونە تەکنیکییەکان دەریانخستووە کە سەرجەم ئەو درۆنانە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی ئیمارات کراون.

وەزارەتی بەرگری جەختی کردەوە، ئیمارات مافی تەواوی خۆیەتی هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی نیشتمانیی خۆی بگرێتە بەر، ئەوەش بەپێی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها ئاماژەی بە ئامادەباشی تەواوی هێزە چەکدارەکان کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایشی وڵات و دەستکەوتە نیشتمانییەکان بکاتە ئامانج.

ئەم تۆمەتبارکردنە راستەوخۆیەی عێراق لەلایەن ئیماراتەوە، ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە قووڵتر دەکاتەوە، لە کاتێکدا عێراق پێشتر رەتیکردبووەوە کە درۆن لە خاکی ئەوانەوە بەرەو سعوودیە و ئیمارات هەڵدرابن.

هەروەها رۆژی یەکشەممە 17ی ئایاری 2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، رایگەیاندبوو، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی توانیویانە رێگری لە سێ درۆن بکەن و تێکیانبشکێنن، دوای ئەوەی لە سنووری ئاسمانیی عێراقەوە هاتبوونە نێو وڵاتەکەی.