رووسیا پسپۆڕانی ئەتۆمی بۆ وێستگەی بوشەهری ئێران دەگەڕێنێتەوە

کۆمپانیای رووسیا بۆ وزەی ئەتۆمی رایدەگەیەنێت لە چەند هەفتەی داهاتوو پسپۆڕانی ئەتۆمی دەگەڕێنێتەوە وێستگەی بوشەهری ئێران 

سێشەممە 19ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمی رووسیا رایگەیاند، کۆمپانیای "رۆساتۆم" (کۆمپانیای حکومیی رووسیا بۆ وزەی ئەتۆمی) دڵنیایە لەوەی لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەتوانێت تیمە تەکنیکی و فەرمانبەرەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران.

کۆمپانیای رۆساتۆم بەرپرسە لە بنیاتنانی دوو یەکەی نوێی بەرهەمهێنانی وزە لە وێستگەی بوشەهر. گەڕانەوەی ئەم تیمانە نیشانەی دەستپێکردنەوەی کارە بیناسازی و تەکنیکییەکانە لەو وێستگەیەدا، کە بە گرنگترین ناوەندی ئەتۆمیی ئێران دادەنرێت.

شەممە 4ی نیسانی 2026 ئەلێکسی لیخاچێڤ، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی رووسیا (رۆساتۆم)، لە لێدوانێکدا لە شاری یەکاتێرینبورگ رایگەیاندبوو: " 198 پسپۆڕ و کارمەندی رووسی بە کاروانێکی پاس لە بوشەهرەوە بەرەو سنووری ئەرمەنستان بەڕێکەوتوون. پێشبینی دەکرێت ئەو کارمەندانە لە ماوەی سێ رۆژدا بگەنەوە خاکی رووسیا.

دووشەممە 13ی نیسانی 2026، ئەلێکسی لیخاچێڤ، رایگەیاندبوو پرۆسەی کۆتایی گۆڕینی کارمەندانیان لە وێستگەی بوشەهر دەستپێکردووە. بەگوێرەی گوتەکانی لیخاچێڤ، 108 کارمەند لە وێستگەکە کشێنراونەتەوە و تەنیا 20 کەس لە بەڕێوەبەرە باڵاکان و بەرپرسانی ئامێرەکان لە وێستگەکەدا ماونەتەوە.

ئەم بڕیارەی رووسیا بۆ گەڕانەوەی تیمەکانی، لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست و گەیشتن بە رێککەوتن لە ناوچەکەدا چڕبوونەتەوە.