تەقینەوەیەک دیمەشقی پایتەختی سووریای هەژاند

لە گەڕەکی باب شەرقی پایتەختی سووریا تەقینەوەیەک روویدا و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تەقینەوەکە لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە بووە.

دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 19ی ئایاری 2026، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە گەڕەکی باب شەرقی شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا بیسترا و دوای رووداوەکەش دووکەڵێکی رەش ئاسمانی ناوچەکەی گرتەوە. ئاژانسی فەرمیی سووریا (SANA) رایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی تەقینەوەکە کردووە.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە لە نزیک باڵەخانەی "بەڕێوەبەرایەتی پڕچەککردن" لە ناوچەی باب شەرقی روویداوە. باس لەوە دەکرێت بۆمبێکی چێندراو لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا تەقیوەتەوە و بەو هۆیەشەوە زیانی ماددی بەر شوێنەکە کەوتووە.

تاوەکو ئێستا هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی زیانە گیانییەکان (کوژراو و بریندار) بڵاونەکراوەتەوە. هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە دەوروبەری شوێنی رووداوەکە رێکاری توندی ئەمنییان گرتووەتە بەر و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.