سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: کاندیدانی دەرنەچوو سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی تۆمار کردووە

شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، کاندیدانی دەرنەچووی کابینەی نوێی حکوومەت سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی تۆمار کردووە و سەرکردەیەکی دیاری عێراقیش مەرجی تەواوکردنی کابینەکە بە گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بەستووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێباز حەملان و کاندیدەکانی دیکەی پۆستەکانی حکوومەت کە دەرنەچوون، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێ تۆمار کردووە.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی عێراق پێداگری لەسەر گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات و رایگەیاندووە تاوەکوو دەستەی سەرۆکایەتیی ئێستای پەرلەمان نەگۆڕدرێت، رێگە نادات کابینەی حکوومەت تەواو بکرێت.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 14ـی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 وەزیری کابینەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی فیدراڵ دا؛ بەڵام، چەند وەزارەتێک بەتاڵ مانەوە و متمانەیان وەرنەگرت، لەوانەش وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە پشکی کورد و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. 

 ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و بەشێک لە فراکسیۆنەکان سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان بە لەدەستدانی بێلایەنی و جیاوازیکردن لە خستنەڕووی ناوەکان بۆ دەنگدان تۆمەتبار کرد. لە ئێستادا ململانێ سیاسییەکان لە بەغدا گەیشتوونەتە ئاستێک، بەشێک لە هێزەکان هەوڵی دوورخستنەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەدەن و پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکەیان خستووەتە بەردەم قەیرانێکی نوێوە.