پارێزگای هەولێر پلانی "ئاگر بڕ" بۆ وەرزی هاوین رادەگەیەنێت
ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ داڕشتنی پلانی پاراستنی دارستان و شوێنە گشتییەکان لە وەرزی گەرمادا بەڕێوەچوو. پارێزگاری هەولێر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە دەستبەجێ دەست بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی "ئاگر بڕ" بکەن بۆ پاراستنی گیان و سەروەت و سامانی هاووڵاتییان و رێگری لە هەر رووداوێکی نەخوازراوی ئاگرکەوتنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و قایمقامی ناوەندی و بەڕێوەبەرانی گشتی پۆلیسی دارستان، کشتوکاڵ، شارەوانییەکان، پۆلیس، ئاسایش و بەرگریی شارستانی، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو. تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە داڕشتنی پلانێکی گشتگیری "ئاگر بڕ" و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی شوێنە گشتییەکان لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا.
مەترسییەکانی وشکبوونی گژوگیا
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە سوپاس بۆ خودای گەورە ئەمساڵ بارانێکی زۆر باریوە و مەترسیی وشکەساڵی رەویوەتەوە، بەڵام ئەمە بووەتە هۆی شینبوونی چڕی سەوزایی لە دەشتایی و بناری چیاکان. راشیگەیاند، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و وشکبوونی ئەم گژوگیایە، مەترسییەکی زۆر و بەربڵاوی ئاگرکەوتنەوە لە دەغڵودانی جووتیاران و ناوچە ژینگەییەکان دروست دەبێت، ئەمەش پێویستی بە رێکاری بەپەلە و دەستێوەردانی پێشوەختە هەیە.
رێنمایی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان
لەو چوارچێوەیەدا، پارێزگاری هەولێر لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە دەستبەجێ دەست بە پاککردنەوەی دەوروبەری گوند، شارۆچکە، ناوچە کشتوکاڵییەکان و دوورگەی ناوەندیی شەقامەکان بکەن. هەروەها جەخت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانییەکان کرایەوە و بڕیار درا پشکنینی مەیدانی بۆ سیستەمی کارەبای کۆگا گەورەکان و بازاڕە میللییەکان بکرێت بۆ رێگری لە روودانی شۆرتی کارەبا.
داواکاری لە هاووڵاتییان و گەشتیاران
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، داوا لە هاووڵاتییان، گەشتیاران و شۆفێران کرا لە کاتی سەردانی سەیرانگاکان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن و دڵنیابن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکانیان. هاوکات جەختکرایەوە لە فڕێنەدانی پاشماوەی جگەرە و کەلوپەلە شووشە و کانزاییەکان، چونکە لەژێر کاریگەریی بەرزبوونەوەی تیشکی خۆردا دەبنە هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی ئاگر.