سوپای پاسداران: تەنیا ئیسرائیل بەرپرسیارە لە شکستی دانوستانەکان
سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیەنێت، کە تەنیا تەلئەڤیڤ بەرپرسیارە لە هەر جۆرە شکستێک کە رووبەڕووی پرۆسەی دانوستانەکان ببێتەوە. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی، بە وەڵامێکی قورس و گونجاو لە لایەن تارانەوە وەڵام دەدرێتەوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسیارێتیی هەر جۆرە شکستێک لە پرۆسەی دانوستانەکاندا، تەنیا دەکەوێتە ئەستۆی ئیسرائیل.
لە راگەیەنراوەکەدا، سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە هەر هێرشێکی سەربازی، وەڵامێکی قورس، توند و گونجاوی دەبێت.
سوپای پاسداران باسی لەوەش کردووە، کە پێشتر دەستپێکردنی "دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ دوژمن"یان راگەیاندووە و لە ماوەی پرۆسەکەشدا نیازپاکیی تەواویان نیشان داوە، بەڵام دوژمن بەردەوام بووە لە زمان و هەڕەشەکانی، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع بەسەریاندا.
سوپای پاسداران راگەیەنراوەکەی بەم دەستەواژە هۆشدارییەوە کۆتایی پێهێناوە: "ئەگەر بگەڕێنەوە، ئێمەش دەگەڕێینەوە".
لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە زنجیرەیەک هێرش و بۆردومان بۆ سەر چەند ئامانجێک لە ناوخۆی خاکی ئێراندا کرد، کە بەهۆی ئەو دەستدرێژییانەوە زیاتر لە سێ هەزار کەس گیانیان لەدەست دا.
دواتر لە 8ـی نیساندا، هەریەک لە واشنتن و تاران گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەست. لە دوای ئەو رێککەوتنەش زنجیرەیەک دانوستان لە شاری ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوون، بەڵام بەبێ گەیشتن بە هیچ ئەنجامێک کۆتاییان هات. هەرچەندە تا ئێستا دەستپێکردنەوەی جەنگ و کارە سەربازییەکان بە فەرمی رانەگەیەنراوە، بەڵام ئەمریکا دەستی بە گەمارۆدان و ئابڵوقەدانی بەندەرەکانی ئێران کردووە.