ئەفغانستان.. برسییەتی خێزانەکان ناچار دەکات منداڵەکانیان بفرۆشن

لە ئەفغانستان بەهۆی قەیرانی ئابووریی زۆرێک لە خێزانەکانی لە شارە جیاوازەکان ناچار کردووە منداڵەکانیان بفرۆشن یان کچە بچووکەکانیان لەبەرامبەر مارەییەکی کەم پێشکەش بکەن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ مانەوە لە ژیان لە ناوەڕاستی هەژاری و بێکارییەکی بەرفراواندا.

بەگوێرەی داتاکانی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی، نزیکەی 22.9 ملیۆن کەس کە دەکاتە نیوەی دانیشتووان، پێویستیان بە هاوکارییە بۆ مانەوە لە ژیان. راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن 14.8 ملیۆن کەس لە گوزەرانێکی خراپی خۆراکدان و 3.5 ملیۆن منداڵیش بەدەست بەدخۆراکی گرفتارن.

رێکخراوی "رزگارکردنی منداڵان (Save the Children) ئاشکرای کردووە، چیرۆکەکانی فرۆشتنی منداڵان بەهۆی برسییەتی و قەرزەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە". خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە ئابی 2021ەوە تا ساڵی 2024، رەنگە تا 121 هەزار منداڵ فرۆشرابن یان بۆ دانەوەی قەرز گۆڕدرابنەوە.

لە ویلایەتی جۆزجان، ژنێک بە ناوی نۆشین، باس لەوە دەکات، ئەو و هاوسەرەکەی منداڵێکیان لەبەرامبەر 565 دۆلار فرۆشتووە بۆ ئەوەی پێنج منداڵەکەی دیکەیان لە برسان نەمرن.

راپۆرتەکان باس لە هەبوونی بازاڕێکی کراوە لە گوندی گەردان دەکەن، تێیدا منداڵان بۆ فرۆشتن نمایش دەکرێن و نرخەکانیان لە نێوان یەک هەزار بۆ دوو هەزار دۆلاردایە.

بەرپرسان و شرۆڤەکاران بۆ "سکای نیوز" ئاماژەیان بە چەند هۆکارێک کردووە لە وانە؛ دابڕانی ئابووری ئەفغانستان لە سیستەمی جیهانی دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات. هەروەها کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و پاشەکشەی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا و وشکەساڵی و نەبوونی دەرفەتی کار.

حسێن ئیحسانی، توێژەری ئەفغانی، پێی وایە ئەم دیاردەیە تەنیا ئابووری نییە، بەڵکو رەگی لە کلتووری هەندێک ناوچەشدا هەیە، کە زۆرجار بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە هۆزایەتییەکان یان سڕینەوەی قەرزەکان منداڵ بەکاردەهێنرێت. لای خۆشیەوە حەزرەت وەهریز، شرۆڤەکاری سیاسی، دەڵێت؛ دیاردەکە نوێ نییە، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی مەترسیدار لە هەموو وڵاتدا بڵاوبووەتەوە.

راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات، ئەم داڕمانە ئابوورییە مەترسییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و خەڵەتاندنی منداڵانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.