لەیزەرێکی موو لابردن فڕۆکەخانەیەکی چۆڵکرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 20226، بەهۆی گومانکردن لە ئامێرێکی گوماناوی لە کاتی پشکنینی ئەمنیدا، بەشێکی فڕۆکەخانەی "ئەڤالۆن" لە ویلایەتی ڤیکتۆریای ئوسترالیا چۆڵکرا و تیمی هەڵوەشاندنەوەی تەقەمەنی و بۆمب بانگهێشت کران، بەڵام لە کۆتایی دەرکەوت کە شتە گوماناویەکە تەنیا ئامێرێکی لەیزەری تایبەت بە موولابردن بووە.

پۆلیسی ڤیکتۆریا لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی "فرانس پرێس" بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، "یەکەی هەڵوەشاندنەوەی تەقەمەنییەکان پشکنینیان بۆ ئامێرە گومانلێکراوەکە کردووە و دەرکەوتووە کە ئامێرێکی لەیزەری موو لابردنە."

هەروەها پشکنەری بەوەکالەت "نیک ئۆبەرگانگ" روونکردنەوەی دا کە ئامێرە گومانلێکراوەکە لەگەڵ دەفرێکی پڕ لە شوکولاتەی گەرم، لەسەر قایشی گواستنەوەی جانتاکان جێهێڵدرابوون تا ئەو کاتەی پۆلیس ئاگادار کرایەوە.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس گوتیشی: "ئەو کەسەی جانتاکەی پێبوو، لە سەرەتادا هاوکاری نەکردین، ئەمەش بارودۆخەکەی کەمێک ئاڵۆزتر کرد."

ئەم رووداوە بووە هۆی دواکەوتن و هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک گەشتی ئاسمانی فڕۆکەخانەکە، بەڵام هیچ تۆمەتێک ئاڕاستەی گەشتیارەکە نەکرا و فڕۆکەخانەکە بەرووی گەشتیاراندا کرایەوە.