رادیۆیان بە رادیۆیەکی بەریتانی کرد
رادیۆی ناوخۆیی "کارۆلاین" لە باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا، داوای لێبووردنی کرد بۆ ئەو دڵەراوکێیەی دروستی کردبوو دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی هەڵە سەبارەت بە کۆچی دوایی شا چارلزی سێیەم.
پیتەر مۆر، بەڕێوەبەری رادیۆکە لە پلاتفۆڕمی فەیسبووک روونی کردەوە، دوای نێوەڕۆی رۆژی سێشەممە بەهۆی "کێشەیەکی تەکنیکی لە سیستەمی زانیارییەکانی ناو ستۆدیۆ"، رێکاری (مۆنارک) بە هەڵە کارا بووە؛ کە رێکارێکی ئامادەکراوە لەلایەن تەواوی رادیۆکانی بەریتانیاوە بۆ کاتی مردنی شا، بەو هۆیەشەوە هەواڵی کۆچی دوایی شا بڵاوکراوەتەوە.
رادیۆکە دوای هەستکردن بە هەڵەکە، داوای لێبووردنی لە پاشا و گوێگرانی کرد بۆ ئەو بێزارییەی دروستی کردووە.
شا چارلزی سێیەم تەمەنی 77 ساڵە، لە ئەیلوولی 2022دا تەختی پاشایەتی گرتە دەست. هەرچەندە لە شوباتی 2024دا تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە راگەیەندرا، بەڵام بەردەوام بووە لە چالاکییە گشتییەکانی و مانگی رابردووش سەردانێکی فەرمی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدا.
جێی ئاماژەیە، لەو کاتەی رادیۆی کارۆلاین هەواڵە هەڵەکەی بڵاوکردەوە، پاشا چارلز لە سەردانێکی فەرمیدا بوو بۆ ئێرلەندای باکوور.