یەکێتی ئەوروپا چاکسازی لە یاسایی کۆچبەری دەکات

گفتوگۆکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاکسازی لە یاسای کۆچبەری، کە رێگە بە دروستکردنی سەنتەری گەڕانەوە دەدات لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتییەکە، رۆژی چوارشەممە بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن کۆتایی هات و بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە دانوستانەکان دەست پێ بکەنەوە.

پێنجشەممە 21ـی ئایاری 2026، گفتوگۆکانی یەکێتی ئەوروپا لە بارەی چاکسازی لە یاساکانی کۆچبەری بۆ رۆژی دووەم بەردەوام دەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرا وڵاتانی ئەوروپی و یاسادانەران لەسەر توندکردنەوەی یاساکانی کۆچبەری رێکبکەون، کە ئەمەش وەک وەڵامێکە بۆ ئەو گوشارە سیاسییانەی لە هەموو وڵاتانی یەکێتییەکەدا هەیە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کۆچبەران. 

سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هێشتا چەند پرسێکی هەڵپەسێردراو ماون، بەتایبەت سەبارەت بە خشتەی کاتی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە.

ماگنوس برۆنەر، بەرپرسی کاروباری کۆچبەری لە یەکێتی ئەوروپا لە کاتی گفتوگۆکاندا رایگەیاند: "دەبێت ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان لە یەکێتی ئەوروپادا نییە، دیپۆرت بکرێنەوە، یاسا نوێیەکان کۆنتڕۆڵی زیاترمان پێ دەبەخشن کە کێ دەتوانێت بێت، کێ دەتوانێت بمێنێتەوە و کێ پێویستە وڵاتەکە بەجێبهێڵێت".

ئەم رێوشوێنە کە لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە رەخنەی لێ گیراوە، رێگە دەدات بە کردنەوەی سەنتەر لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەوروپا بۆ ناردنی ئەو کۆچبەرانەی داواکاری پەنابەرییان رەتکراوەتەوە، هەروەها رەنگە سزای توندتر بەسەر ئەو کۆچبەرانەدا بسەپێنرێت کە رەتیدەکەنەوە وڵاتەکە بەجێبهێڵن، لەوانە دەستبەسەرکردن و قەدەغەکردنی چوونە ناوەوە.

ئۆلیڤیا سوندبێرگ لە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند: "ئەم پێشنیازانە مەترسی ئەوەیان هەیە خەڵک بخەنە ناو بارودۆخێکی پڕ لە مەترسی و زیانێکی زۆر بە کۆچبەران و ئەو کۆمەڵگەیانەش دەگەیەنێت کە پێشوازییان لێ دەکەن".

سەرەڕای ئەم رەخنانە، کۆمەڵێک وڵات لەوانە دانیمارک، نەمسا، یۆنان، ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە بژاردەکانی دروستکردنی ئەو سەنتەرانە، لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی کۆچبەرانی نوێ، ئێستا تیشکی سەرەکی لە برۆکسل خراوەتە سەر باشترکردنی سیستەمی گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتەکانیان.

لەم چوارچێوەیەدا، کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، بانگهێشتی بەرپرسانی تاڵیبانی کردووە بۆ برۆکسل تا گفتوگۆ بکەن دەربارەی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانی، کە ئەمەش هەنگاوێکە پڕە لە نیگەرانییە ئەخلاقی و پراکتیکییەکان، هەروەها نەمسا لە مانگی ئایاردا رێککەوتنێکی لەگەڵ ئۆزبەکستان واژۆ کرد بۆ هەمان مەبەست.

ئەو وڵاتانەی پشتگیری ئەم هەنگاوە دەکەن دەڵێن ئەم سەنتەرانە دەبنە هۆی ئاسانکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە و وەک هۆکارێکی رێگریش کار دەکەن، بەڵام وڵاتانی وەک فەرەنسا و ئیسپانیا گومانیان لە کاریگەریی ئەم سیستەمە هەیە و تا ئێستا لە پەراوێزی ئەم گفتوگۆیانەدا ماونەتەوە.