سووریا.. بەرپرسێکی پێشووی زیندانی سێدنایە دەستگیرکرا

کەناڵی "ئیخبارییە"ی فەرمی سووریا رایگەیاند؛ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حومس توانیویانە بەرپرسێکی پێشووی زیندانی "سێدنایا" دەستگیر بکەن.

سەرچاوە ئەمنییەکان تاوەکو ئێستا ناسنامەی دەستگیرکراوەکە و شوێنی وردی ئۆپەراسیۆنەکەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژەیان بەوە داوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی رێوشوێنە ئەمنییە بەردەوامەکاندایە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە پێشێلکارییەکانی ناو زیندانەکان.

زیندانی سێدنایا بە یەکێک لە خراپترین و مەترسیدارترین زیندانەکانی سووریا دادەنرێت. لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، ئەم زیندانە ناوی لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا وەک ناوەندێکی گەورەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئەشکەنجەدانی سیستماتیک و بێسەروشوێنکردنی هەزاران دەستگیرکراو هاتووە.

لە 8ـی کانوونی دووەمی 2024، لە دوای ئازاد کردنی سووریا لەلایەن دەستەی تەحریر شام، بەگوێرەی راپۆرتی گرووپەکانی مافی مرۆڤ، مەزەندە کرا زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتی سووریا لە ماوەی شەڕی ناوخۆی 13 ساڵەی ئەو وڵاتەدا بێسەروشوێن بوون و بەشێکی زۆریان لەزیندانی سێدنایە زیندانی کرابوون.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2017دا دەستەواژەی "کوشتارگەی مرۆڤ"ی بۆ وەسفکردنی زیندانی سێدنایە بەکارهێناوە و لە راپۆرتێکدا بانگەشەی ئەوەی کردووە، لە ماوەی پێنج ساڵی یەکەمی شەڕی ناوخۆدا لە نێوان پێنج بۆ 13هەزار کەس بە بێدەنگییەکی تەواو لەم زیندانەدا لە سێدارە دراون، بە مۆڵەتی بەرپرسانی باڵای حکوومەتەکەی بەشار ئەسەدی هەڵاتوو ئەنجام دراون و ئەم جۆرە کردەوانە هاوتایە لەگەڵ تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.