خانەنشینانی نوێی پێشمەرگە تا تەواوبوونی شایستەکانیان دوومووچە بەیەکەوە وەردەگرن
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان لە وەزارەتی پێشمەرگە، دوایین زانیارییەکانی لەسەر پڕۆسەی بەستنی مووچەی خانەنشینانی نوێی پێشمەرگە و چۆنیەتی خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان ئاشکرا کرد.
سەبارەت بەوەی پڕۆسەی بەستنی مووچە بۆ خانەنشینانی نوێ گەیشتووەتە چ قۆناخێک، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، حاجی مەلا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، رایگەیاند: "تەنیا تۆزێکی ماوە و هەموو شتێک تەواو بووە، بەو هیوایەی لەم مانگەوە (مانگی پێنج) زۆرینەیان مووچەکانیان وەربگرن."
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد، بۆ مووچەی مانگی پێنج، خانەنشینانی نوێ لە سیستەمی پەیڕۆڵدا جێگیر کراون. هاوکات سەبارەت بەو لیستە نوێیەی کە سەدان خانەنشینی دیکەی تێدایە و رەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە، گوتی: "هەموو ئەو خانەنشینانەی لە لیستە نوێیەکەدان، لە مانگی شەشەوە مووچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت."
سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی مانگەکانی رابردوو کە بەهۆی تەواونەبوونی دۆسیەکانیان نەیانگرتووە، حاجی مەلا ئەمین مژدەی بە خانەنشینان دا و گوتی: "بەڵێ، جیاوازی مووچەی مانگەکانی رابردوو بۆ ئەو خانەنشینانە خەرج دەکرێت کە ناویان لە سیستەمی بەغدا بە تەواوەتی جێگیر بووە، ئەمەش هەموو ئەو مانگانە دەگرێتەوە کە پێشتر وەریاننەگرتووە."
لەبارەی میکانیزمی پێدانی ئەو شایستە داراییانەی کە فەوتاون، بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە روونی کردەوە: "بۆ ئەوەی هەموو شایستە داراییەکانیان بۆ تەواو بکرێت، ئێستا مانگێک بە دوو مانگ مووچە وەردەگرن، واتە لە هەر مانگێکدا دوو مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت تا ئەو کاتەی هەموو شایستە کۆنەکانیان وەردەگرنەوە."