پێنتاگۆن بەشی دووەمی بەڵگەنامە نهێنییەکانی تەنە نەناسراوەکان بڵاوکردەوە

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە فەرمی بەشی دووەمی بەڵگەنامە مێژوویی و نهێنییەکانی تایبەت بە تەنە نەناسراوە ئاسمانییەکان (UFO)ی بڵاوکردەوە، ئاشکراشی کرد کە لە چوارچێوەی سیستەمی سەرۆکایەتیی "PURSUE"دا زیاتر لە یەک ملیار کەس سەردانی ماڵپەڕی بڵاوکردنەوەی دۆسیەکانیان کردووە.

هەینی 22ـی ئایاری 2026، وەزارەتی جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، بە فەرمی بەشی دووەمی ئەو بەڵگەنامە مێژوویی و نهێنییانەی بڵاوکردەوە کە پەیوەندییان بە "دیاردە و تەنە نەناسراوە ئاسمانییەکان" (UAP/UFO)ەوە هەیە.

ئەم بەڵگەنامانە لە چوارچێوەی سیستەمێکی سەرۆکایەتی بۆ ئاشکراکردن و راپۆرتدان دەربارەی تەنە نەناسراوەکان بڵاوکراونەتەوە، بە (PURSUE) ناسراوە. شۆن پارنێل، گوتەبێژی وەزارەتی جەنگ، رایگەیاند، ئەم دۆسیانە لە ماڵپەڕی فەرمیی (WAR.GOV/UFO) خراونەتەڕوو و بڕیارە بە شێوەیەکی بەشی بەڵگەنامەی زیاتریش لە ژێر ناوی "لە نهێنی لادراو" بڵاوبکرێنەوە.

شۆن پارنێل ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتایی بڵاو کردنەوەی بەڵگەکان تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1 ملیار کەس سەردان وێبسایتەکەیان لە سەرانسەری جیهانەوە کردووە؛ ئەم ژمارە بێوێنەیەی سەردانیکەران نیشانەی بایەخپێدانی زۆری جیهانە بەم بابەتە و هەروەها نیشانەی سەرکەوتنی هەوڵە مێژووییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لەم بوارەدا.

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا جەختی کردەوە تیمەکانیان بە هاوکاریی ئاژانسە هاوبەشەکان، ئێستا بە چڕی کار لەسەر ئامادەکردنی "بەشی سێیەم"ی بەڵگەنامەکان دەکەن و لە داهاتوویەکی نزیکدا وادەی بڵاوکردنەوەیان ڕادەگەیەنن.

هەینی 8ـی ئایاری 2026، وەزارەتی جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا یەکەمین بەشی ئەو دۆسیانەی راگەیاندبوو کە لە چوارچێوەی سیستەمی (سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ لادانی نهێنی و راپۆرت کردنی رووبەڕووبوونەوەکانی UAP) کۆکراونەتەوە. ئەمە هەوڵێکی هاوبەشی گەورەیە لە نێوان کۆشکی سپی، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (ODNI)، ئێف بی ئای (FBI)، ئاژانسی ناسا (NASA) و وەزارەتی وزە بووە.

هەر هەمان رۆژ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کردبوو، کە یەکەمین بەشی دۆسیەکانی تایبەت بە (UFO/UAP) لەلایەن وەزارەتی جەنگەوە بۆ رای گشتی خراونەتەڕوو. ترەمپ جەختی کردبووەوە ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەیە کە پێشتر بە هاووڵاتییانی دابوو.

لە پەیامەکەیدا ترەمپ ئاماژەی بەوە دابوو، ئیدارەکەی راسپاردووە هەموو ئەو دۆسیە حکومییانەی پەیوەستن بە "بوونەوەرە دەرەکییەکان، ژیانی دەرەکی، دیاردە ئاسمانییە نادیارەکان و تەنە فڕیوە نەناسراوەکان" بدۆزنەوە و ئاشکرایان بکەن. گوتیشی: "ئەمە هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی شەفافیەت."