کیڤن وارش وەک سەرۆکی نوێی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد
لە مەراسیمێکدا کە لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوو، کیڤن وارش وەک سەرۆکی نوێی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا (بانکی ناوەندی) سوێندی یاسایی خوارد و بەڵێنی دا کە "چاکسازیی ریشەیی" لە سیستەمی بانکی و دارایی وڵاتدا ئەنجام بدات.
ئەنجامدانی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی بانکی ناوەندی لە ناو کۆشکی سپی کارێکی نائاساییە، کە دوایین جار لە ساڵی 1987 بۆ ئالان گرینسپان لە سەردەمی رۆناڵد ڕیگاندا کراوە. مەراسیمەکە ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئایاری 2026، بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هەریەک لە کلارێنس تۆماس و برێت کاڤانۆ، دادوەرانی دادگای باڵا بەڕێوەچوو، کە تێیدا کلارێنس تۆماس سوێندی یاسایی بە وارش خوارد.
دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێکدا ستایشی تواناکانی کیڤن وارشی کرد و جەختی لەسەر سەربەخۆیی ئەو دامەزراوەیە کردەوە و گوتی: "من دەمەوێت سەرۆکی بانکی ناوەندی بە تەواوی سەربەخۆ بێت. کیڤن تێدەگات، گەشەکردنی ئابووری شتێکی باشە؛ ئێمە دەمانەوێت رێگری لە هەڵئاوسان بکەین، بەڵام نامانەوێت رێگری لە گەورەیی و پێشکەوتنی ئابوورییەکەمان بگرین."
لە یەکەم لێدوانیدا دوای سوێندخواردن، کیڤن وارش رایگەیاند، بانکەکە بەرەو ئاراستەی چاکسازی دەبات و گوتی: "من رابەرایەتی یەدەگێکی فیدراڵی چاکسازیخواز دەکەم، وانە لە سەرکەوتن و هەڵەکانی رابردوو وەردەگرم و پابەندی بەرزترین ستانداردی دەستپاکی و کارکردن دەبم."
وارش ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی سەرەکییان کەمکردنەوەی رێژەی هەڵئاوسان و بەهێزکردنی گەشەی ئابوورییە تاوەکو داهاتی راستەقینەی هاووڵاتیان زیاد بکات و ئەمریکا بەرەو خۆشگوزەرانییەکی زیاتر هەنگاو بنێت. پێشتریش لە کۆبوونەوەی کۆنگرێسدا رایگەیاندبوو کە ئەو نابێتە "بووکەڵە" لە دەستی هیچ کەسێکدا و سەربەخۆیی بانکەکە دەپارێزێت.
ئەم دەستبەکاربوونە لە کاتێکدایە کە ئابووری ئەمریکا لەگەڵ بەرزترین ئاستی هەڵئاوسان لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا دەستوێنەرمێ دەکات. کیڤن وارش کە پێشتر پشتگیری لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود کردووە، ئێستا ئەرکی قورسی هاوسەنگکردنی بازاڕ و جێبەجێکردنی دیدگا ئابوورییەکانی ئیدارەی ترمپی لەسەر شانە.
چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا (سێنات) دەنگدانی بۆ دیاریکردنی سەرۆکی نوێی یەدەگی فیدراڵی ئەنجامدا.
میدیاکان ئاماژەیان بەوە دابوو، کە ئەنجوومەنی پیران بە زۆرینەی دەنگ، کێڤن وارشی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵی پەسەند کردووە، تاوەکو ببێتە جێگرەوەی جێرۆم پاوڵ کە پێشتر ئەو پۆستەی بەڕێوە دەبرد.