پێشەوا کاکەیی کتێبی لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوەی بڵاوکردەوە

پێشەوا کاکەیی، نووسەر و شاعیر، نوێترین کتێبی شیعری خۆی لەژێر ناوی "لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدییان"ی چاپ و بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 23ی ئایاری 2026، پێشەوا کاکەیی، نووسەر و شاعیر، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە شیعرییەکەی بە کوردستان24ی گوت، "لە نێوان خەون و مەرگ، یادەوەری و هەراسانییەکانی ژیاندا، کتێبی "لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە، وەک دەقێکی ئەدەبیی جیاواز خۆی دەناسێنێت؛ دەقێک کە هەوڵ دەدات بە زمانێکی هەستیار و پڕ لە وێنەی شیعری، ئازار و شکست و ترسە شاراوەکانی مرۆڤی کورد بخاتەروو. ئەو کتێبە خوێندنەوەیەکە بۆ ترس و هەڵاتن و شکستی خەونەکان؛ دەقێک کە هەوڵ دەدات لە رێگەی ئەدەبەوە وێنەی سەردەمێک و ناخی مرۆڤێکی تێکشکاو بخاتە بەردەم خوێنەر.

پێشەوا کاکەیی گوتیشی، "نووسینی ئەم کتێبە لە 5ی ئابی 2014 دەستیم پێکردووە و لە 28ی ئازاری 2016 کۆتایی پێهاتووە. زۆربەی دەقەکان لە نێوان ئەو دوو ساڵەدا نووسراون؛ سەردەمێک کە کوردستان و ناوچەکە بە قۆناغێکی ئاڵۆزی سیاسی و کۆمەڵایەتی تێدەپەڕی. هەروەها من لە پێشەکیی کتێبەکەدا باس لە تایبەتمەندیی هونەریی و ئەدەبییەکانی دەقەکەم کردووە و ئاماژەم بەوە داوە کە ئەم کارە هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی ناخی مرۆڤێک کە لە ژێر باری مێژوو و کارەساتدا دەژی."

ئەو شاعیرە باس لە دەقەکانی ناو کتێبە شیعرییەکە دەکات و دەڵێت، "ئەم دەقە لە هەموو چرکەساتێکی ژیانمەوە سەرچاوەی گرتووە؛ لە خەونی منداڵیمەوە تا گێڕانەوەی کارەساتە بەردەوامەکانی ژیانی سیاسی، چونکە مرۆڤ هەندێکجار ناچار دەبێت "باڵی خەونەکانی بشکێنێت" و لە شوێنێکی بچووکەوە باس لە ئازارێکی گەورە بکات."

پێشەوا کاکەیی ئاماژەی بەوەش دا، "دەقەکە لە هەندێک بەشدا رووخساری چیرۆک وەردەگرێت، لە شوێنێکی دیکەدا بە زمانی شیعر نزیک دەبێتەوە و هەندێک  جاریش بە ئاراستەی پەخشانەشیعر دەڕوات. ئەم تێکەڵبوونە وای کردووە کتێبەکە تەنیا گێڕانەوەی چیرۆک نەبێت، بەڵکو ببێتە دەنگی دڵێکی بریندار و یادەوەرییەکی پڕ لە هەڵوەشاندنەوە."

پێشەوا کاکەیی، نووسەر و شاعیر، له ساڵی 1984 لە قەڵادزێ لەدایک بووە. تا ئێستا چەندین کۆمەڵە شیعری بڵاوکردووەتەوە و کتێبێکی لێکۆڵینەوەشی نووسیوە و بڵاوی کردۆتەوە و هەروەها کتێبێکیشی لەبارەی شیعرەوە نووسیوە کە لە چوار دیداری قووڵەوە سەرچاوەی گرتووە.