حەیدەر عەبادی: نابێت هاووڵاتییانی هەرێم بەهۆی کێشە سیاسییەکانەوە سزا بدرێن

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر رایگەیاند، پاراستنی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی هاوبەشە و هەر رووبەڕووبوونەوەیەک کە ئاراستەی هەرێم بکرێت، وەک ئەوە وایە رووبەڕووی ئەوان بووبێتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە، پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام بن و زیاتر پتەو بکرێن.

شەممە 23ـی ئایاری 2026، دوای کۆبونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر رایگەیاند، پێویستە سەرجەم کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەرێگەی دیپلۆماسی و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن، راشیگەیاند، دۆخی ئێستای عێراق پڕە لە ئاڵەنگاری، بۆیە لەم قۆناغەدا گرنگە هەموو لایەنەکان دەست لە ناو دەست بن بۆ تێپەڕاندنی بارودۆخەکە و دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ کێشەکان.

سەبارەت بە سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر گوتی: "ئەم سەردانە و ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە، هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنییە بۆ خێراکردنی پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو لا."

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، حەیدەر عەبادی داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی هەرێم کرد و رایگەیاند، نابێت خەڵکی هەرێمی کوردستان بەهۆی لێکتێنەگەیشتنی سیاسییەوە سزا بدرێن، هەروەها جەختی کردەوە، نابێت ماف و شایستە داراییەکانی هاووڵاتییان بکرێتە قوربانی بڕیاری چەند سیاسییەک.

سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، عەبادی گەشبینی خۆی نیشان دا و راشیگەیاند، دوای جەژنی قوربان ئەو پرسە یەکلایی دەکرێتەوە، چونکە رێککەوتن لە نێوان لایەنەکاندا هەیە و دەتوانرێت بە سەرکەوتوویی سەرجەم بەربەستەکان ببڕدرێن.