ئەحمەد ئەسەدی: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا زۆر سەرکەوتوو بوو

سەرۆکی بزووتنەوەی سۆمەریون رایگەیاند، سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، هەنگاوێکی "زۆر سەرکەوتوو" بوو، کە تیایدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ لایەنەکان و سەرکردە سیاسییەکان ساز کرد.

شەممە 23ـی ئایاری 2026، ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی بزووتنەوەی سۆمەریون لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان لایەنەکاندا هەیە و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرز دەنرخێنین.

هاوکات هیوایشی خواست کە لە داهاتوودا هەردوو لا پێکەوە کار بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و گەیشتن بە خۆشگوزەرانی و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان.

سەبارەت بەو کێشانەی لە کابینەکانی رابردوودا هەبوون، سەرۆکی بزووتنەوەی سۆمەریون روونی کردەوە، زۆربەی لایەنە سیاسییەکان خوازیاری پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و تێپەڕاندنی قۆناغی رابردوون، گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت هەماهەنگییەکی تەواومان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لە رابردوودا هەبوون چارە بکرێن".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەسەدی جەختی لەوە کردەوە، لە کابینەی نوێدا، سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستوور و لەسەر بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان چارە دەکرێن.