روبیۆ: رێککەوتن لەگەڵ ئێران نزیکە
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بە ئەگەرێکی نزیک بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران دەکات و رایدەگەیەنێت، رەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا جیهان هەواڵێکی خۆش لەبارەی کۆتاییهاتنی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببیستێت.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە درەنگانی رۆژی یەکشەممە راگەیەندراوێک لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ ئێران بڵاوبکرێتەوە، کە دەکرێت بە فەرمی کۆتایی بە جەنگی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت.
رۆبیۆ لە نیودێلهی پایتەختی هیندستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "پێموایە ئەگەرێکی زۆر هەیە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا جیهان هەواڵێکی خۆش ببیستێت."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لە یەکەم سەردانیدایە بۆ هیندستان، ئاماژەی بەوە کرد کە رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەبارەی گەرووی هورمز چارەسەر دەکات، کە ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بەشێکی زۆری داخستووە.
رۆبیۆ گوتیشی، ئەم رێککەوتنە دەبێتە سەرەتای "پرۆسەیەک کە لە کۆتاییدا دەمانگەیەنێتە ئەو خاڵەی سەرۆک دەیەوێت، ئەویش جیهانێکە کە چیتر پێویست نەکات نیگەران یان ترساو بێت لە چەکی ئەتۆمیی ئێران."
ئەم لێدوانانەی رۆبیۆ دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشنیازێک کە کردنەوەی گەرووی هورمز لەخۆدەگرێت، تا ئاستێکی بەرفراوان گفتوگۆی لەسەر کراوە.
ترەمپ رۆژی شەممە لە پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "رێککەوتنەکە پێشکەوتنی باشی بەخۆوە بینیوە و تەنیا کۆتاییپێهێنانی ماوە لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەدا."