ترەمپ: ئامادەم گفتوگۆ لەگەڵ حزبوڵڵادا بکەم
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن بۆ رێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی. ترەمپ لە بارەی حووسییەکانیش گوتی: دوای ئەو رێکارە توندانەی بەرامبەریانمان گرتەبەر، چیدیکە رووبەڕووی کێشە نەبووینەتەوە لەگەڵیاندا، بەڵام پێویست بکات ئامادەین جارێکی دیکەش بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ بکەینەوە.
سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جۆزیف عۆن، سەرۆکی لوبنان لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و دواتریش قسەیان بۆ رۆژنامەنووسان کرد و تیشکیان خستە سەر داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دۆخی ئاسایشی ناوچەکە.
لە سەرەتای قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا و لوبنان لە ئاستێکی باشدایە و سەرۆکی لوبنانیش خاوەن رێزێکی زۆرە.
ترەمپ گوتی: لوبنان وڵاتێکە بۆ ماوەیەکی درێژ مامەڵەی خراپی لەگەڵدا کراوە، ئێمە کۆبوونەوەی ئەرێنیمان ئەنجامداوە و هاوکاریی لوبنان دەکەین بۆ چارەکردنی کێشەکانی، هاوکات پێشتریش هەندێک لەو کێشانەمان بە کردەوە چارە کردوون."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر حووسییەکانی یەمەن کرد و رایگەیاند: "دوای ئەو رێکارە توندانەی بەرامبەر حووسییەکان گرتمانەبەر، چیدیکە رووبەڕووی کێشە نەبووینەتەوە لەگەڵیاندا، بەڵام ئەگەر گەرووی باب مەندەب دابخەن، ئەوا جارێکی دیکەش بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەینەوە."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە رێککەوتنەکانی ئەبراهامیش کرد و گوتی: کە ئەم رێککەوتنانە زۆر سەرکەوتوو بوون و لە داهاتوودا چەندین وڵاتی دیکەش پەیوەندییان پێوە دەکەن.
سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ترەمپ ئاشکرای کرد، "دیالۆگ لە نێوان واشنتن و تاراندا هەیە و ئێرانییەکان بە پەرۆشەوە داوای کۆبوونەوە دەکەن، چونکە پەرێشان بوون و دۆخیان بەرەو خراپی چووە."
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، کە وڵاتەکەی گرنگی بەم کۆبوونەوانە نادات تا ئەو کاتەی لایەنی ئێرانی بە تەواوی ئامادە دەبێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی واتادار و بەسوود، هەروەها دەبێت بەڵێن بدەن و خاوەنی بەڵێنەکانیشیان بن ئینجا لەگەڵیان کۆدەبینەوە.
هاوکات هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی ئێران کرد و رایگەیاند: ئەمریکا رێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ دەڵێت: "ئێمە هێرش دەکەینە سەر هەر پێگەیەکی نوێ لە ئێران، چونکە ئەوان بەهۆی چەک و بەرنامەی ئەتۆمییەوە تێوەگلاون و هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی بنکەیەکی نوێی ئەتۆمی دەدەن."
ئاماژەی بەوەش کرد، کە رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا پێگەیەکی ئەتۆمیی ئێران لە "جبل الفأس" بە توندی بکەنە ئامانج.
ترەمپ جەختی کردەوە، کار دەکەن بۆ لاوازکردنی تواناکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو. دەشڵێت: ئەگەر ئێمە هێرشمان نەکردبایە سەر ئێران، ئێستا چەکی ئەتۆمییان بەدەستدەهێنا و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەیان پێ لەناو دەبرد."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکان بۆ سەر ئێران کۆتاییان نەهاتووە و بەردەوام دەبن، تەنانەت ئەگەر هێرشەکانیش رابگیرێن، ئێران پێویستی بە 25 ساڵ دەبێت بۆ ئەوەی خۆی بنیات بنێتەوە و، هەر رێککەوتنێکی نوێش هاوشێوەی دیوارێکی پتەو دەبێت بۆ رێگریکردن لە پەرەپێدانی ئەتۆمیی تاران.
دووپاتیشی کردەوە، جارێ ئێمە کۆتاییمان بە هێرشەکانی سەر ئێران نەهێناوە و بەردەوامیش دەبین.
ترەمپ دۆخی ئێرانی بە ئاڵۆزتر لە ڤەنزوێلا وەسف کرد، هەروەها سەبارەت بە گەرووی هورمزیش رایگەیاند: گەمارۆکە بەردەوامە و کەس ناتوانێت پێیدا تێپەڕێت، جەختیشی کردەوە کە ئەم بارودۆخە کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمریکا نابێت.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی لوبنان، ترەمپ هاوسۆزیی خۆی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە نیشان دا و گوتی: "لوبنان بۆ ماوەیەکی درێژ رووبەڕووی مامەڵەیەکی زۆر خراپ بووەتەوە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دیالۆگ لەگەڵ حزبوڵڵا، ترەمپ رایگەیاند: "من ئامادەم گفتوگۆ لەگەڵ حزبوڵڵا بکەم، من بۆ چارەکردنی کێشەکان قسە لەگەڵ هەموو کەسێک دەکەم، ئەگەر سەرۆکی لوبنان بیەوێت، ئەوا قسە لەگەڵ حزبوڵڵاش دەکەم."
سەرۆکی ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، شەرع کاری زۆر باشی ئەنجامداوە و دەیەوێت بەشداری لە چاککردنی دۆخی لوبناندا بکات، بەو پێیەی بۆ ماوەیەکی درێژ شەڕی دژی حزبوڵڵا کردووە.
لای خۆیەوە، جۆزیف عۆن، سەرۆکی لوبنان سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ ئەو دەستکەوتە مێژووییانەی کە پێکەوە بەدەستیان هێناون و رایگەیاند: "کاتی ئەوە هاتووە لوبنان و تەواوی ناوچەکە لە ئاسایش و سەقامگیریدا بژین."
عۆن جەختیشی کردەوە کە ئامانجی کۆتایی وڵاتەکەی ئەوەیە کە دۆخی دوژمنکاری لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل بۆ هەمیشە کۆتایی پێبهێنرێت.
سەبارەت بە پرسی ناوخۆی لوبنانیش، عۆن ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان خەڵکی ناوچەکانی باشوورە و پشتگیرییەکی تەواو لە کۆتاییهێنان بە کردەوە دوژمنکارییەکان دەکات و هەوڵێکی گەورە لەم پێناوەدا دەدات.