سەرەڕای وەستانی جەنگ؛ هێشتا قوتابخانەکانی ئێران چۆڵن
سیستەمی پەروەردەی ئێران بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە لە دۆخێکی نائاساییدا ماوەتەوە و پرۆسەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچن.
مامۆستا فائیزە حەسارەکیزاد، سەبارەت بەو دۆخە، ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئامادەنەبوونی قوتابییان لە پۆلەکاندا، پڕۆسەی فێرکردن نەوەستاوە و بە شێوەی ئۆنلاین بەردەوامی هەیە.
لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی جەنگدا، بەهۆی بەرکەوتنی قوتابخانەیەک لە شاری میناب، زیاتر لە 150 قوتابی گیانیان لەدەست دا. ئەم رووداوە دڵتەزێنە وای لە خێزانەکان کردووە ترسی زۆریان هەبێت.
وەحیدە گیتیفەرد، دانیشتووی تاران، روونیشی کردەوە، بەهۆی فشاری دەروونیی رووداوەکانی جەنگ، هیچ کەسێک حەزی بە ناردنی منداڵ بۆ قوتابخانە نییە تا کۆتاییهاتنی جەنگ بە فەرمی رادەگەیەنرێت.
سەرەڕای ئەوەی نزیک سێ مانگە ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی داخراوە، بەڵام حکوومەت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری پەروەردە و بانکەکان، پشت بە تۆڕی نیشتمانی دەبەستێت.
لە 28ی شوباتی 2026، جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەستی پێکرد و ماوەی 39 ڕۆژی خایاند. لەو ماوەیەدا ژێرخانی مەدەنی و پەروەردەیی ئێران زیانی بەرکەوت و بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 1300 قوتابخانە زیانیان پێ گەیشتووە و نزیکەی 20 قوتابخانە بە تەواوی خاپوور بوون.
لە رۆژی یەکەمی جەنگەکە، مووشەکێک قوتابخانەیەکی کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 150 کەس کە زۆربەیان قوتابی بوون.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەستێک لە 8ی نیسانی 2026، هێشتا متمانەی خێزانەکان بۆ ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە نەگەڕاوەتەوە و سیستەمی ئۆنلاین وەک تاکە بژاردە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دیاری کراوە.
هەروەها داخستنی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی بەهۆی ئەمنی، ئاستەنگی زۆری بۆ پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین دروست کردووە و زۆرجار سێرڤەرە ناوخۆییەکان وەک "شاد" تووشی کێشەی تەکنیکی دەبن.