رووسیا داوا لە دیپلۆماتکاران دەکات دەستبەجێ کیێڤ جێبهێڵن

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دەستیان کردووە بە زنجیرەیەک هێرشی "سیستەماتیک" بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و پیشەسازییەکانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا. مۆسکۆ هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی بیانییەکان و دیپلۆماتکاران کردووە کە بە زووترین کات شارەکە جێبهێڵن.

دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، هێرشەکەی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچەی "ستارۆبێلسک" لە کۆماری لوگانسک، بووە؛ رووسیا دەڵێت چیتر بێدەنگ نابێت لە بەرانبەر هێرشەکانی کیێڤ بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی لە نێو خاکی رووسیا.

مۆسکۆ رایگەیاندووە، هێرشەکان راستەوخۆ دەکرێنە سەر کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازی و ئەو شوێنانەی کە درۆنەکانی ئۆکرانیای تێدا بەرهەم دەهێنرێت، کە بە گوتەی رووسیا "بە هاوکاری پسپۆڕانی ناتۆ" بەڕێوەدەچن. هەروەها رایگەیاندووە کە "سەنتەرەکانی بڕیاردان و بنکەکانی فەرماندەیی" ئامانجی سەرەکیی سوپای رووسیا دەبن.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشدارییەکی توندی دا و گوتی: "داوا لە هاووڵاتییانی بیانی، کارمەندانی نێردە دیپلۆماسییەکان و نووسینگەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بە زووترین کات کیێڤ جێبهێڵن." هەروەها هۆشداری درایە دانیشتووانی پایتەختی ئۆکرانیا کە بە هیچ شێوەیەک لە دامەزراوە کارگێڕی و ژێرخانە سەربازییەکان نزیک نەکەنەوە.

رووسیا هێرشەکەی بەرەبەیانی 22ی ئایاری ئۆکرانیای بۆ سەر ستارۆبێلسک، کە تێیدا درۆنێک بەشەناوخۆییەکی خوێندکارانی کردبووە ئامانج، وەک "نموونەیەکی روونی تیرۆر" وەسف کرد کە منداڵانی تێدا دەکوژرێت. مۆسکۆ دەڵێت ئەم هێرشانە پێشێلکردنی راشکاوی رێککەوتننامەی جنێڤی ساڵی 1949 و رێککەوتننامەی ساڵی 1989ی مافەکانی منداڵانە.

راگەیەندراوەکە جەختی کردەوە زێلێنسکی و لایەنە رۆژئاواییەکان هەموو یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانیان پشتگوێ خستووە، بۆیە وەڵامی رووسیا توند دەبێت. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە رووسیا پلانێکی نوێی هەبێت بۆ ئەوەی لە ماوەی مانگێکدا کیێڤ وێران بکات.