وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەسەڵاتی گەرووی کەنداوی فارسی خستە لیستی سزاکانەوە
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا چەند سزایەکی نوێی بەسەر ئێران سەپاند
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، کە هەڵمەتی "رقی ئابوورییەکە" دژی ئێران بەردەوامە و کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ژێرخانی دارایی و ئەمنیی ئەو وڵاتە دروست کردووە. بێسێنت ئاشکرای کرد کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران مووچەیان پێنەدراوە و هەناردەی نەوتیش گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی.
پێنجشەممە 28ـی ئایاری 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) سەرنجی خستە سەر دۆخی ناوخۆیی ئێران و نووسیویەتی: "سەربازەکانیان مووچە وەرناگرن، پۆلیس ناچێتەوە سەر کارەکانیان، و دوورگەی 'خارگ' (کە گرنگترین بنکەی هەناردەی نەوتی ئێرانە) بە تەواوی پەکیکەوتووە." ئاماژەی بەوەش کرد، ئابووری و دراوی ئێران لە حاڵەتی داڕمان دان.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا "دەسەڵاتی گەرووی کەنداوی فارس" (PGSA)ی ئێرانی خستە لیستی سزاکانەوە. بێسێنت هۆشداریی توندی دایە تەواوی کۆمپانیا و دەوڵەتان کە خۆیان بپارێزن لە پێدانی هەر جۆرە "باجێکی تێپەڕین" بە ئێران، یان شاردنەوەی ئەو پارانە لە ژێر ناوی "هاوکاریی مرۆیی".
بێسێنت جەختی کردەوە، گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا کە بە "دیواری پۆڵاین" وەسفی کرد، بووەتە هۆی ئەوەی بڕی نەوتی خاوی ئێران لە سەر ئاوەکان بگاتە نزمترین ئاستی پێوانەیی. هاوکات رایگەیاند، دەست دەکەن بە داخستنی تەواوی رێگەکانی فڕین بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران، لەوانە قەدەغەکردنی نیشتنەوە، سووتەمەنی وەرگرتن و تەنانەت فرۆشتنی تکتی گەشتەکانیش.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوەکەیدا پەیامێکی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "تەنیا گەیشتن بە ئەنجامێکی رازیکەر لە دانوستانەکاندا دەتوانێت کۆتایی بەم زنجیرە داڕمانە ئابوورییەی ئێران بهێنێت."