هەواڵی کوشتنی منداڵێکی سێ ساڵان لەلایەن باوکییەوە کۆمەڵگەی تورکیا دەهەژێنێت

لە تورکیا، پیاوێک جەژنی لە بنەماڵەکەی کردە شیوەنگێڕان و لە ژێر کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان کوڕێکی سێ ساڵانەی خنکاند و دواتر تەرمەکەی بەجۆرێک شێواندووە کە لە سەرتاسەری تورکیادا بووەتە باسێکی دڵتەزێن.

لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، لە گەڕەکی کورتولوش لە شارۆچکەی یایلاداغی سەر بە پارێزگای هاتای تورکیا، پیاوێک بە ناوی محەمەد ئەمین، کە دەگوترێت ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەرە، لەگەڵ کوڕە سێ ساڵانەکەی بە ناوی (پۆیراز) دەژیا، ئەمەش دوای ئەوەی هاوسەرەکەی بەهۆی جیابوونەوە ماڵەکەی جێهێشتبوو.

بەیانی رۆژی جەژن، محەمەد ئەمین بە هۆکارێکی نادیار کوڕەکەی خۆی خنکاندووە و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، کە میدیاکانی تورکیای تەنیوە، گومان دەکرێت تۆمەتبارەکە دوای کوشتنی منداڵەکە، تەرمی کوڕەکەی لەت و پەت کردووە و شێواندوویەتی.

تاوانەکە کاتێک ئاشکرا بوو کە تۆمەتبارەکە چووەتە ماڵی باوکی لە گەڕەکی کۆشرەلیک. باوکی تۆمەتبارەکە کاتێک رەفتارە نائاساییەکانی کوڕەکەی بینیوە، پرسیاری لێکردووە "نەوەکەم لەکوێیە؟"، بەڵام وەڵامێکی روونی دەستنەکەوتووە، گومانی لادروستبووە و هێزە ئەمنییەکانی لێ ئاگادار کردووەتەوە.

دوای گەیشتن هێزەکانی پۆلیس، تەرمی پۆیرازیان بە شێوێندراوی دۆزیوەتەوە و باوکەکەشیان دەستگیرکردووە. دواتر تۆمەتبارەکە رەوانەی دادگا کرا و بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.