باران حەکیمی "دڵ" بڵاو دەکاتەوە

باران حەکیمی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "دڵ" بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 29ی ئایاری 2026، باران حەکیمی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان24ی گوت، "شیعر و ئاوازی ئەم گۆرانییە یەکێکە کارەکانی هونەرمەند سامان عومەر، کاری موزیکەکەی لەلایەن خۆمەوە ئامادە کراوە، کاری رێکخستنی بەرهەمەکە کازم مورادی بۆی کردووە و تێکەڵکردن و عەلی ئەحمەدی دەنگەکانی هاوسەنگ کردووە. هەروەها حەداد سدیقی کاری دەرهێنانی ڤیدیۆ کلیپەکەی کردووە بە شێوەیەکی جوان و هاوتەریب لەگەڵ هەستی گۆرانییەکە."

باران حەکیمی گوتیشی، "گۆرانی "دڵ"، بەرهەمێکی هەستیار و ئارامە کە لە رووی هەست و ناوەڕۆکەوە نزیک دەبێتەوە لە دڵی گوێگر. شێوازی گۆرانییەکە تێکەڵەیەکە لە سۆز، خەیاڵ و هەستی خۆشەویستی، و بە ئاوازێکی نەرم و دڵنشین هەوڵ دەدات هەستە ناوەکییەکانی مرۆڤ بگوازێتەوە."

ئەو خانمە هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش دا، "لە ڤیدیۆ کلیپەکەشدا هەوڵمداوە بە وێنە و رەنگ و دیمەنەکان، هەمان هەستی ئارام و سۆزداریی گۆرانییەکە بگوازمەوە بۆ بینەر. بۆیە بەرهەمەکە زیاتر پشت بە هەست و سادەیی دەبەستێت و دەتوانێت کاریگەرییەکی جوان لەسەر خۆشەویستانی گۆرانی جێبهێڵێت. هیوادارم بەدڵی هەموو هەوادارانم بێت و چێژی لێوەرگرن."

باران حەکیمی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، ساڵی 1987 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. 18 ساڵە دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە و خاوەنی 12 بەرهەمی تۆمارکراوە.