زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار کەس فەریزەی حەجیان بەجێگەیاندووە

ژمارەیەک حاجی
ژمارەیەک حاجی

سعوودییە سەرکەوتنی وەرزی حەجی 1447ـی کۆچیی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار کەس فەریزەی حەجیان بەجێگەیاندووە.

ئەمڕۆ شەممە، 30ی ئایاری 2026، سعود بن مەشعەل بن عەبدولعەزیز، جێگری میری ناوچەی مەککە و جێگری سەرۆکی لیژنەی هەمیشەیی حەج و عومرە سەرکەوتنی وەرزی حەجی 1447ـی کۆچیی رایگەیاند، جەختیشی لەوە کردەوە ئەم وەرزە بینەری کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی یەکگرتووی ئاسایش و رێکخستن بوو، وای کرد میوانانی خودا بە ئاسانی و دڵنیاییەوە ئەرکەکانیان بەجێ بگەیەنن. 

جێگری میری ناوچەی مەککە ئاماژەی بەوەش کرد، وەرزی حەجی ئەمساڵ وێنەی نیشتمانێکی نیشان دا بە دڵسۆزی و خۆبەخشییەوە کار بۆ خزمەتکردنی میوانانی خودا دەکات. روونیشی کردەوە، شوێنە پیرۆزەکان بە شێوەیەکی رێکخراو و گونجاو دەرکەوتن لە دیمەنێکدا یەکگرتنی هەوڵەکانی نێوان لایەنە جیاوازە بەشداربووەکانی حەجی نیشان دا.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری سعوودیە، ژمارەی حاجییانی ئەم وەرزە گەیشتووەتە 1,707,301 حاجی، لەو ژمارەیەش نزیکەی 1,546,655 حاجییان لە دەرەوەی سعوودیە و لە رێگەی دەروازە جیاوازەکانەوە هاتبوون بۆ بەجێهێنانی حەج.

حەج یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئایینی ئیسلام و ساڵانە بە سەدان هەزار موسڵمان لە سەرتاسەری جیهانەوە روو لە سعوودیە دەکەن.