هێڵی تۆقێنەری پێشەوەی دهۆك بۆ وەرزی داهاتوو ئاشكرا دەبێت

عیماد لواتی، مەحموود مەواس و یونس حەموود، سێ هێرشبەری داهاتووی دهۆك
عیماد لواتی، مەحموود مەواس و یونس حەموود، سێ هێرشبەری داهاتووی دهۆك

یانەی دهۆك بە گەرمی هاتووەتە نێو مێركاتۆی گواستنەوەی یاریزانان، لە هەنگاوی یەكەم بە تەواوەتی هێڵی پێشەوەی یانەكەی نوێدەكاتەوە و 3 هێرشبەری نوێ دەگوازێتەوە.
یانەی دهۆك، پاڵەوانی جامی عێراق و چامپیۆنزلیگی كەنداوی رابردوو ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بە دۆخێكی ناجێگیر تێپەڕ بوو، كارگێری یانەكە بۆ ئەوەی بەهێزەوە بۆ وەرزی داهاتوو بگەڕێنەوە دەستیان بە گۆڕانكاری كردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 مەحموود مەواس هێرشبەری سووری یانەی شوڕتە دوای ئەوەی ماڵئاوایی لە یانەکەی کرد، لەگەڵ یانەی دهۆک گەیشتووەتە رێککەوتن و وەرزی داهاتوو درێسی دهۆک دەپۆشێت، کە بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان گرێبەستەکەی مەحموود مەواس دەگاتە نزیکەی نیو ملیار دیناری عێراقی.
مەحموود مەواس لەوەتەی ساڵی 2021 لە یانەی شوڕتە یاریی دەکات، ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە كۆی 32 یاری 10 گۆڵ و 12 ئەسیستی کرد.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یونس حەموود، ئەستێرەی ئەم وەرزەی یانەی كەرخ بۆ وەرزی داهاتوو درێسی هەڵۆیەكانی بادینان دەپۆشێت.
یونس حەموود لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق 10 گۆڵی کردووە و هاوینی رابردوو لە نەجەفەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی کەرخ کرد و ئەم هاوینە دەچێتە ریزەکانی دهۆک و گرێبەستەكەشی لەگەڵ زەردپۆشەكانی بادینان واژۆ كردووە. 
لە لایەكی دیكەیشەوە، کوردستان24 زانیویەتی، عیماد لواتی هێرشبەری توونسی دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سالمیەی کوەیتی لەگەڵ دهۆک گەیشتووەتە رێککەوتن و جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ئەو یانەیە.
 هێرشبەرە 32 ساڵانەکە دوو ساڵ لەمەوبەر لە دهۆک یاریی دەکرد و سەرەتای ساڵی 2024 لە دالکوردەوە پەیوەندی بە دهۆک کرد، ئەمجارەیان لە سالمیەی کوەیتی دەگەڕێتەوە دهۆک و وەرزی داهاتوو بە رێژەیەکی زۆر درێسی زەردی دهۆک دەپۆشێت.
لە لایەكی دیكەیشەوە، كوردستان24 زانیاری دەستكەوتووە، رێوان ئەمین ناوەڕاستکاری یانەی شوڕتە زۆر نزیکە بگەڕێتەوە ریزەکانی دهۆک و ناوەڕاستکارە کوردەکە لەسەر زۆربەی وردەکارییەکانی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی دهۆک رێککەوتووە و چەند وردەکارییەکی زۆر کەم ماون گرێبەستەکەی نێوانیان واژۆ بکرێت.