سارا تەڵایی بادەی خامۆش ئاوێتەی زیرەکی دەستکرد دەکات
سارا تەڵایی، خانمە شێوەکار و شاعیری کورد، ڤیدیۆ کلیپێکی سینەمایی و شیعریی نوێی بە ناوی "بادەی خامۆش" بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی حوزەیرانی 2026، سارا تەڵایی لە بارەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت "ئەم پڕۆژەیە لەسەر بنەمای شیعرێکەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ناوەڕۆکەکەی حەسرەت، دابڕان، بیرەوەری، تەنیایی و گەشتی دەروونیی مرۆڤ لە خەم و ئازارەوە بەرەو ئارامی و هیوا دەخاتەڕوو، کە زمانێکی هێما و وێنەسازیی سینەمایی لەخۆ دەگرێت."
گوتیشی "بادەی خامۆش، ئیلهامی زۆری لە کولتوور و کەلەپووری کوردی وەرگرتووە. دیمەنی چیاکان، ژیانی گوندنشینی، مۆسیقای رەسەن، هونەری شێوەکاری و پانتایی چیرۆکگێڕانی رەمزی، پێکهاتە سەرەکییەکانی ئەم جیهانە سینەماییەن. ئەم هەڵبژاردنە هونەرییانە وا دەکەن بەرهەمەکە جگە لە پەیامێکی دەروونی، هەڵگری ناسنامەیەکی کولتووریش بێت."
ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە گرنگی پڕۆژە هونەرییەکەی دەکات و دەڵێت، "مۆسیقای پڕۆژەکە لەلایەن دانا هەڵەبجەییەوە دابەشکراوە، هەروەها خۆم لە دیاریکردنی ئاراستەی دەنگ و میلۆدی گشتیی بەرهەمەکەدا هاوکار بوومە.
لە هەنگاوێکی نوێخوازیانەدا، دەنگی سەرەکیی گۆرانییەکە بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد بەرهەمهاتووە؛ هەنگاوێک کە تێکەڵبوونێکی جیاواز لە نێوان هونەری کلاسیک و داهێنانە دیجیتاڵییە هاوچەرخەکان دروستکردووە، هاوکات بە یارمەتیی زیرەکی دەستکرد، توانیومە وێنە و دیمەنێکی سینەمایی دروست بکەم."
سارا تەڵایی، خانمە شێوەکار و شاعیری کورد، لە ساڵی 1986 لە مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە تاران و مازەندەران خوێندنی تەواو کردووە. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانە لە پەردیسی تاران و پیشەسازی دار و کاغەز لە مازەندەران. خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بەشی شێوەکاری. لە رۆژهەڵات خاوەنی فێرگەی هونەری شێوەکاریی ژیوار بووە.