ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان گەیشتنە قۆناغی کۆتایی
پڕۆسەی دامەزراندنی "بانکی نیشتمان" لە هەرێمی کوردستان پێ ناوەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە و بڕیارە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بە فەرمی دەستبەکار بێت. ئێستا تاقیکردنەوەی نیشتمانی بۆ 197 کادیری خاوەن ئەزموونی بانکی بەڕێوە دەچێت تاوەکو پۆستە کارگێڕییەکانی ئەو بانکە پڕ بکرێنەوە و سیستەمی دارایی هەرێم بە ستانداردە جیهانییەکان ببەسترێتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکی، کارەکانی بۆ کردنەوەی "بانکی نیشتمان" چڕ کردووەتەوە. هاوڕێ کەمال، ڕێگەپێدراوی دامەزراندنی بانکی نیشتمان، بە کوردستان24ی ڕایگەیاند، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی سەرەکیی بانکەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و پێشبینی دەکرێت لە یەک بۆ دوو مانگی داهاتوودا بانکەکە بە فەرمی بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان و بازرگانانەوە.
لە هەنگاوێکی نوێدا، تاقیکردنەوە بۆ 197 کارمەندی بانکەکانی هەرێم کە خاوەن ئەزموونی چەندین ساڵەن ئەنجام درا. ئەم پڕۆسەیە لەلایەن مامۆستایانی پسپۆڕی زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی سلێمانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت. جەمیل ئەبوبەکر، ئەندامی ئەنجوومەنی بانکی نیشتمان، ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لەم تاقیکردنەوانە دەستنیشانکردنی 32 بەڕێوەبەر و 32 یاریدەدەری بەڕێوەبەرە بۆ پڕکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی ناو بانکەکە.
بەپێی پلانی حکوومەت، باڵەخانەی "بانکی زانکۆ" لە هەولێر دەبێتە بارەگای سەرەکیی بانکی نیشتمان. بانکەکە بە گشتی خاوەنی هەشت لقی سەرەکی دەبێت؛ چوار لەوانە لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) دەبن، و چوار لقەکەی دیکەش لە ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.
بانکی نیشتمان وەک بانکێکی پیشەیی و مۆدێرن هاوشێوەی بانکە جیهانییەکان و بانکی ناوەندیی عێراق کار دەکات. یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ئەم بانکە، توانای ئەنجامدانی مامەڵەی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ بانکە دەرەکییەکان و بانکی ناوەندی، ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورە لە جووڵەی دارایی و بازرگانیدا دروست دەکات و کەرتی بانکیی هەرێم دەباتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر.