پارێزگاری سلێمانی: بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار دەگاتە هاووڵاتیان
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە روونکردنەوەیەکدا کە دەست کوردستان24 کەوتووە، وردەکاریی چۆنیەتی دابەشکردنی بەنزینی حکوومی و پلانەکانی دابەزاندنی نرخی بەنزینی بازرگانی لە سنووری پارێزگاکەدا خستە ڕوو، هاوکات رێگەپێدانی بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی راگەیاند.
لە روونکردنەوەکەی پارێزگاری سلێمانیدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، بڵاوکراوەتەوە و تێێدا هاتووە "بڕیاری دیاریکردنی نرخی بەنزینی حکوومی لە سلێمانی، پێشتر و ئێستاش بۆ ئەو بڕەی لەلایەن حکوومەتەوە دابینکراوە، جێبەجێکراوە و پابەندین بەو بڕیارەوە بۆ هەر بڕێک کە بە فەرمی و دیاریکراوی پێمانبگات"، ئاماژە بەوەش کراوە، پشکی دیاریکراوی سلێمانی لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە بەسەر چەند بەنزینخانەیەکدا دابەشدەکرێت و بە نرخی فەرمی دەفرۆشرێت.
پەیوەست بە بەنزینی بازرگانیی نۆرماڵ، پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، پاڵاوگە گەورەکان لە ژێر چاودێریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا نرخەکە دیاری دەکەن. هەڤاڵ ئەبوبەکر راشیگەیاند "کاتێک بڕی پێویست بە نرخە نوێیەکە گەیشت، بە زامنکردنی کوالێتیی، زیادکردنی بڕەکەی و پاراستنی مافی یاسایی سوودی دارایی بەنزینخانەکان، وابڕیارە لیتری بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار بگاتە هاووڵاتیان."
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا، پارێزگاری سلێمانی ئاسانکاریی نوێی بۆ بازرگانان راگەیاندووە و ئاشکرای کردووە کە هەموو لایەک سەرپشک کراون سووتەمەنی و بەنزین لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردەی بازاڕەکانی کوردستان و سلێمانی بکەن، بەو مەرجەی لەگەڵ رێنمایی و کوالێتیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا بگونجێت و لە ژێر چاودێریی لایەنە فەرمییە پەیوەندیدارەکاندا بفرۆشرێت.
هاوکات دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی دابەزێندرا بۆ 850 دینار.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ سووکردنی دارایی سەر شانی هاووڵاتیان نابێت بەنزینی بازرگانی لە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێت، هەروەها دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتییکراوی حکوومەتیش بە نرخی 750 دینار بەردەوام دەبێت، بڕیارەکەش لە ئەمڕۆوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەرکەسێکیش پابەنەد نەبێت بەنزینخانەکەی دادەخرێت.