سوپای کوەیت: بەرپەرچی چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنیمان دایەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی ئایاری 2026، سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەرپەرچی چەند هێرشێکی دوژمنکارانەیان داوەتەوە کە بە مووشەک و درۆن ئاسمانی وڵاتەکەیان کردبووە ئامانج.

لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، سوپای کوەیت ئاماژەی کردووە، ئەو دەنگی تەقینەوانەی لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە بیستراون، دەرەنجامی تێکشکاندنی ئامانجەکان بووە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە. داواش لە هاووڵاتییان و نیشتەجێبووانی کوەیت کراوە پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن و ئارامی خۆیان بپارێزن.

لە لایەکی دیکەوە، عەقید روکن سعوود ئەلعەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت، هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و داوای لە خەڵک کرد:
1- بە هیچ شێوەیەک لە پاشماوەی مووشەکەکان و پارچە شکاوەکان یان هەر تەنێکی نامۆ نزیک نەکەونەوە.
2- دەست لە پاشماوەی تەقینەوەکان نەدەن بۆ پاراستنی گیانی خۆیان.
3- لە کاتی بینینی هەر تەنێکی گوماناوی، دەستبەجێ پەیوەندی بە ژمارەی فریاکەوتنی (112) یان لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بکەن.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی جەختی کردەوە، پێویستە هاووڵاتییان زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و دوور بکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ.

تاوەکو ئێستا سوپای کوەیت وردەکاری زیاتری دەربارەی سەرچاوەی هێرشەکان و زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە، تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە، لایەنە سەربازی و ئەمنییەکان لە چاودێریکردنی دۆخەکە بەردەوامن بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵات.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سەنتکۆم) رایگەیاند، دوێنێ سێشەممە مووشەکێکی هێڵفایەریان ئاراستەی ژووری بزوێنەری کەشتیی نەوتهەڵگری "M/T Lexie" کردووە و پەکخراوە. کەشتییەکە ئاڵای بۆتسوانای پێوە بووە و بە بەتاڵی بەرەو بەندەری دوورگەی خارکی ئێران دەڕۆیشت، ئەمەش بە واتای پێشێلکردنی ئەو گەمارۆیەی ئەمریکا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە. سوپای ئەمریکا دەڵێت کەشتییەکە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر هۆشدارییە بەردەوامەکانی فەرامۆش کردووە.

لە وەڵامدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند؛ وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکەی ئەمریکا، هێزە دەریاییەکانیان بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەک بە ناوی بانیا لە نزیک گەرووی هورمز. سوپای پاسداران هۆشداریی داوە، تێکدانی ئاسایشی گەرووی هورمز زیانی گەورە بە سوپای ئەمریکا دەگەیەنێت.