بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: هاوینی ئەمساڵ بێ ئاو نابین
بە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر نزیکەی 1000 بیر کوژێندراونەتەوە
پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی ههولێر بووەتە فریادرەسی دانیشتووانی ناوەندیی هەولێر و دەوروبەری و لە هەر کاتژمێرێکدا توانای گەیاندنی 20,000 مەترسێجای ئاوی پاکی هەیە و بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش دەڵێت " هاوینی ئەمساڵ هیچ گرفتێکی بێ ئاوی لە هەولێر نابێت و نزیکەی هەزار بیریش کوژێندراوەتەوە".
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: بە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاو، توانراوە نزیکەی هەزار بیری ئاو لە ناوەندیی شاری هەولێر بکوژێنرێنەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر زیادبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی هەبووە و دەبێت.
هەروەها ئاماژەیدا، بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی گەیاندنی خێرای ئاوی هەولێر، ئێستا لە هەر کاتژمێرێکدا 20,000 مەتر سێجا ئاو بۆ گەڕەکەکانی ناو شاری هەولێر دەنێرێت؛ رابەر حوسێن گوتیشی "بۆ هاوینی ئەمساڵ هیچ کێشەیەکی دابینکردنی ئاوی ماڵانمان نابێت، مەگەر تەنیا لە حاڵەتە نەخوازراوەکانی تەکنیکی، وەک شکانی بۆری، کێشەی کارەبا یان سووتانی مۆتۆڕەکان، لە هەر حاڵەتێک وەهاشدا بە زوویی و لە ماوەیەکی کورتدا، گرفتەکان چارەسەر دەکرێن."
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر وردەکاری بڕی ئاوی دابینکراوی بۆ ناو شاری هەولێر خستەڕوو کە سەرجەم پڕۆژەکان توانای دابینکردنی 35,500 مەترسێجای ئاوی پاکیان هەیە بۆ ناوەندی شاری هەولێر و دەوروبەری؛ تواناکانیش بەمشێوەیە دابەشبوون:
پرۆژەی فریاگوزاریی / 20,000 مەترسێجا
ئیفراز سێ / 10,000 مەترسێجا
ئیفراز دوو / 2500 مەترسێجا
ئیفراز یەک / 1500 مەترسێجا
پرۆژەی خاڵتەکان / 1500 مەترسێجا
رابەر حوسێن گوتی "بەگوێرەی ستانداردەکان و توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی عێراق، هەر تاکێک رۆژانە پێویستی بە 240 لیتر ئاو هەیە، بەڵام لە وەرزی هاویندا بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرەکانی فێنککەرەوە، بڕی پێویستی بۆ 400 لیتر بەرز دەبێتەوە، ئەمەش لە سەرووی ستانداردە جیهانییە.
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر داوای لە هاووڵاتیان دەکات، پابەندی رێنماییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتییەکەی بن و ئاو بەفیڕۆ نەدەن. جەختیشیکردەوە، "ئەو ئاوەی دابین دەکرێت تەنیا بۆ خواردنەوە و بەکارهێنانی ناوماڵە (Domestic Use)، نەک بۆ شووشتنی شەقام و ئاودانی باخچەکان".
گوتیشی "بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە سنووری کەسنەزان، لێکۆڵینەوەی ورد دەکەن و چەندین بیر بۆ دیاریکردنی ئاستی گۆڕانکارییەکانی ئاوی ژێرزەوی تەرخانکراون و بەردەوام پێوانە بۆ بەرزبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی دەکرێت، بە گوێرەی پێوانەکان ئاوی ژێر زەویی بە رادەیەکی باش بەرزبووەتەوە"؛ ئەمەش لە کاتێکدایە بە گوێرە پێوانەکانی ساڵی رابردوو، بەهۆی کەمبارانی و بەکارهێنانی بیرەکانی ئاو، ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە لە سنووری کەسنەزان 700 مەتر و لە ناوەندی شاریش 500 مەتر دابەزی بوو، بەڵام ئێستا بەداخرانی سەرجەم بیرەکانی ناوەندی شاری هەولێر و بەهۆی بەفر و بارانی زۆری ئەمساڵ و گلدانەوەی ئاو لە پۆند و بەنداوەکاندا، پێشبینی زیادبوون و بەرزبوونەوە ئاوی ژێر زەوی دەکرێت.
پڕۆژەی فریادڕەس و تۆڕی گەیاندنی ئاو بە هەولێر
پرۆژهى فرياگوزاریی خێراى گەیاندنی ئاوى ههولێر لە 8ى ئهيلوولى 2024، له لايهن مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان، بهردى بناخه دانرا، کە تا 30 ساڵی ئاییندە کێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەکات، هاوکات رەچاوی فراوانبوونی شاری هەولێر و زیادبوونی خواست لەسەر ئاو لە ئاییندەدا کراوە.
بۆری یەکەم:
ئاو لە سێبیرانەوە دەگوازێتەوە و بە شەقامی 150 مەتریدا تێدەپەڕێت تا رێگای کۆیە، لەو ئاڕاستەیە ژمارەیەک لقی لێدەبێتەوە کە ئاو دەگوازنەوە بۆ 'شێخەشل، گەزنە، بەحرکە، پیرزین، شاوێس، سێبەردان و ناوچەی پەرە پێدانی پیڕەش و سەرجەم شارەكانی نیشتەجێبووی وەبەرهێنان لەسنوورەكە.
بۆری دووەم:
لە نزیک فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دێتە ناوشار، تا دەگاتە شەقامی بەحرکە و ئاو بۆ گەڕەکەکانی ئەم سنورە دابین دەکات.
بۆری سێیەم:
ئاو لە دەرەوەی شەقامی 120 مەتریەوە دەگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی 'مامزاوە، قەتەوی، ژیان، تۆبزاوە ئەحمەد، دارەتوو، بنەسلاوە، 8ـی حەسارۆک و کەسنەزان.
بۆری چوارەم:
لە ناوەوەی شەقامی 120 مەتریەوە ئاو دەگوزێتەوە بۆ گەڕەکەکانی سەربەستی (32ی پارک)، شادی، بەهاری نوێ، بەهاری کۆن، کوردستان، کرێکاران، نێرگز، ڕاستی و 94ی باداوە.
پرۆژەکە بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێکرا و زووتر لە ماوەی دانراو بە رێژەی 100% تەواوکراو، له رۆژێكدا 480 ههزار مهتر سێجا ئاو له زێى گهوره وەردەگرێت و دەپاڵێوێت، بۆ ههر كاتژمێرێك 20,000 تا 21,000 مهتر سێجا ئاوى خاوێن بۆ گهڕهكهكانى شارى ههولێر دەنێرێت.