بههۆی خێزانی ترهمپهوه؛ داوای دهستلهکارکێشانهوهی سهرۆکوهزیرانی ئهلبانیا دەکرێت
نزیکەی 100 هەزار کەس لە ئەلبانیا دژی کردنەوەی پرۆژەیەکی گەشتیاری لەلایەن کچ و زاوای سەرۆکی ئەمریکاوە خۆپێشاندان دەکەن و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان دەکەن.
بۆ چوارەم رۆژی لەسەریەک، نزیکەی 100 هەزار کەس لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا دژی کردنەوەی پرۆژەیەکی گەشتیاری لەلایەن ئیڤانکا ترەمپ و جارید کۆشنەر، کچ و زاوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خۆپێشاندان دەکەن.
خۆپێشاندەران دروشمی "ئەلبانیا بۆ فرۆشتن نییە" بەرز دەکەنەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان دەکەن.
خەڵکی ئەلبانیا پێیان وایە لە پێناو خۆنزیککردنەوە لە سەرۆکی ئەمریکا، ئەو پرۆژە زەبەلاحە گەشتیارییە دراوەتە کچ و زاواکەی.
پرۆژەکە لە دوورگەی سازانی ئەلبانیایە و رووبەرەکەی زیاتر لە 1400 هێکتارە و بەهاکەی دەگاتە چوار ملیۆن دۆلار. پرۆژە گەشتیارییەکە چەندین شوێنی هاوشێوەی خلیسکێنەی سەر بەفر، قاوەخانە و چێشتخانە لەخۆ دەگرێت. هاووڵاتییانی ئەلبانیا دژی جێبەجێکردنی پرۆژەکەن لەلایەن کچ و زاوای ترەمپەوە، چونکە پێیان وایە دەستکەوتی کەسیی تێدایە بۆ ئەوان.
دوورگەی سازان لە سەردەمی جەنگی سارددا بنکەیەکی سەربازیی نهێنی بووە و ئێستا ناوچەیەکی پارێزراوی سروشتییە. پرۆژەکەی کۆشنەر رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆری ژینگەیی بووەتەوە، چونکە ژینگەپارێزان پێیان وایە دروستکردنی میوانخانە و شوێنی گەشتیاری لەو ناوچەیەدا زیانێکی گەورە بە سروشت و ژینگەی دەریایی دەگەیەنێت.
لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی داواکاری گشتیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ئەلبانیا (SPAK) دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەسەر چۆنیەتیی پێدانی زەوییەکان و گۆڕینی یاساکانی پاراستنی ژینگە لەلایەن حکوومەتەوە بۆ بەرژەوەندیی پرۆژەکەی بنەماڵەی ترەمپ.