میدیای ئیسرائیل: خاوەن بڕوانامە باڵاکان وڵات جێدەهێڵن
رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی، لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، بڵاویکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلییانەی وڵات جێدەهێڵن، لە ژمارەی ئەو کەسانە زیاترە کە دەگەڕێنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڵکشانی رێژەی کۆچکردن لەم ساڵانەی دواییدا.
بەپێی ئەو راپۆرتەی کە لەلایەن "کنێست"ی ئیسرائیلەوە ئامادەکراوە، لە ساڵی 2022وەوە رێژەی 33.2%ـی ئەو کەسانەی وڵاتیان جێهێشتووە خاوەنی بڕوانامەی زانکۆن، هەروەها 23.5%ـی ئەوانەشی کۆچیان کردووە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بوون.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە، ئەم ئامارانە نیشاندەری ئاڕاستەیەکی مەترسیداری کۆچی کەسانی پسپۆڕ و خاوەن لێهاتووییە، لە کاتێکدا دامەزراوەکانی ئیسرائیل بە وردی چاودێری کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە لەسەر کەرتە جیاوازەکان دەکەن.
ئەم شەپۆلە نوێیەی کۆچکردن لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی لەگەڵ ئێران لە مانگی شوباتی رابردوو، رووبەڕووی دۆخێکی ئەمنی خراپ بووەتەوە، هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی بەرەی باشووری لوبنان، کە سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران، هێشتا پێکدادانی سەربازی تێدا بەردەوامە و سوپای ئیسرائیل بەهۆی جەنگی درۆنەکانی حزبوڵ لوبنانەوە، زیانی گەورەی گیانی و ماددی بەرکەوتووە.