کوەیت مۆڵەتی 24 کاتژمێر دەداتە دوو دیپلۆماتکاری ئێرانی

گرژییەکانی کوەیت و ئێران پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، مۆڵەتی 24 کاتژمێری دایە دوو دیپلۆماتکاری ئێرانی بۆ ئەوەی خاکی وڵاتەکەی جێبهێڵن، هاوکات هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئێرانی بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتی پێدا.

چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، حەمەد سولەیمان مەشعان، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، بانگهێشتی حامد حەمید، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئێرانی کرد.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، کە یاداشتێکی ناڕەزایەتیی فەرمی دراوەتە هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئێران، سەبارەت بە بەردەوامیی هێرشەکانی تاران، هاوکات بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی ئەو باڵیۆزخانەیەی لە وڵاتەکەدا پێگەیەندراوە.

بە پێی راگەیەنراوەکە، دوو دیپلۆماتکاری ئێرانی، کە کوەیت بە ناپەسەند لە قەڵەمی داون، داوایان لێکراوە لە ماوەی 24 کاتژمێردا خاکی وڵاتی کوەیت جێبهێڵن.

لە لایەکی دیکەوە، جێگری وەزیری دەرەوەی کوەیت روونی کردەوە: "ئەم بڕیارە دوای بەردەوامیی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران دێت بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەندین دامەزراوەی مەدەنی و هەستیاریان کردە ئامانج، لە نێویاندا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوەیت."

ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەهۆی ئەم هێرشانەوە کەسێک گیانی لەدەست داوە و دەیان هاووڵاتیی مەدەنیش بریندار بوون، سەرباری زیانی ماددی بە دامەزراوە هەستیارەکان و بارەگا دیپلۆماسییەکان.

جێگری وەزیری دەرەوە ئەم کارەی بە "پێشێلکارییەکی زەق بۆ سەر سەروەریی دەوڵەتی کوەیت و یەکپارچەیی خاکەکەی، هەروەها پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارنامەی ژمارە (2817)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی" وەسف کرد.

هاوکات دووپاتی کردەوە، کە کوەیت بە توندترین شێوە هێرشەکانی ئێران سەرکۆنە دەکات و بە توندی رەتی دەکاتەوە کە خاک و ئاسمانەکەی لە هەر کردەوەیەکی دوژمنکارانەدا دژی هەر وڵاتێک بەکاربهێنرێت. 

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، جەختی لە "مافی تەواو و رەوای وڵاتەکە کردەوە لە بەرگریکردن لە خۆی و گرتنەبەری سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایش، خاک، ئاسمان، و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و نیشتەجێبووانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئەم رەفتارە دوژمنکارانە سیستماتیكیانەدا، بە شێوەیەک کە تەواو هاوتەریب بێت لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا".