فوئاد حوسێن و ئەیمەن سەفەدی چەند پرسێکی هاوبەشیان تاوتوێکرد

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاوتا ئوردونییەکەی
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاوتا ئوردونییەکەی

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردنەوە پێگەیشت. لە دەسپێکی پەیوەندییەکەدا، سەفەدی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونەوەی وەک وەزیری دەرەوە لە فوئاد حوسێن کرد.

تەوەری سەرەکی گفتوگۆکە، باسی ئامادەکارییەکان بوو بۆ بەڕێوەچوونی شەشەمین کۆبوونەوەی عەرەبی-ئەوروپی، کە بڕیارە لە 22 و 23ـی ئەم مانگە لە ئوردن بەڕێوەبچێت. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی ئەم کۆبوونەوەیە کردەوە بۆ هەماهەنگی و گفتوگۆ دەربارەی پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەردوو وەزیر باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات کرد، بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکات.