بە بەشداریی 130 دەزگای چاپ؛ یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی کرایەوە
لەژێر دروشمی بە کوردی بنووسە و بە کوردی بیربکەرەوە، یەکەمین پێشانگەی تایبەت بە کتێب و بەرهەمە کوردییەکان لە هەولێری پایتەخت دەرگای بەڕووی خوێنەراندا واڵا کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی حوزەیران، لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، چالاکییەکی کولتووریی جیاواز دەستی پێ کرد. بە پێچەوانەی پێشانگەکانی پێشوو، ئەمجارە تەواوی پێشانگەکە تەنیا بۆ بەرهەم، نووسین و بڵاوکراوەکانی زمانی کوردی تەرخان کراوە. لەم چالاکییەدا نزیکەی 130دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە، ناوەندی رۆشنبیری و دامەزراوەی کولتووری بەشدارن.
لە پێشانگەکەدا کتێب بە هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی (سۆرانی، کرمانجیی سەروو، هەورامی و هتد) لە بوارە جیاجیاکانی وەک: سیاسەت، مێژوو، کۆمەڵناسی، ئابووری و ئەدەبیات نمایش کراون. هەروەها بەشێکی فراوانی پێشانگەکە بۆ کتێب و ئەدەبیاتی منداڵان تەرخان کراوە.
جگە لە کتێب، وەک دەوڵەمەندییەکی کولتووری، چەندین بەشی دیکەی وەک تابلۆی شێوەکاری، نمایشکردنی جلوبەرگی کوردی و کارە دەستییەکان بوونیان هەیە. دامەزراوە گرنگەکانی وەک "ئەکادیمیای کوردی و ئینستیتوتی کوردیی بەرلین" بە بەرهەمەکانیان بەشدارن لەم هەنگاوە نەتەوەییەدا.
ئەم پێشانگەیە بە پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆ رێکخراوە، بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت. ئامادەکارانی پێشانگەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکەن سەردانی پێشانگەکە بکەن و بە کڕینی کتێبی کوردی، پشتیوانی لە زمان و کولتووری رەسەنی خۆیان بکەن.