بەحرەین 15 کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیر کرد

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین دەستگیرکردنی 15 کەسی بە تۆمەتی کارکردن بۆ سوپای پاسدارانی ئێران راگەیاند.

لە راگەیەنراوێکی وەزارەتی ناوخۆی بەحرەیندا هاتووە، دەستگیرکراوەکان پێکهێنەری تۆڕێک بوون و هەوڵیان داوە ترس و تۆقاندن لە نێو هاووڵاتییاندا بڵاو بکەنەوە، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە ئامانجەکانی سوپای پاسداران جێبەجێ بکەن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەو کەسانە وەک کارمەندی مەیدانی کاریان کردووە و لە کاتی داڕشتنی نەخشە بۆ جێبەجێکردنی کردەوەی تێکدەرانە و رەوایەتیدان بە کارەکانی سوپای پاسداران دەستگیر کراون، هاوکات لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.

پێشتریش چەندین تۆڕی هاوشێوە لە وڵاتانی عەرەبیی وەک کوێت، ئیمارات و سعوودیە دەستگیر کراون. ئەم گرووپانە کاریان بۆ سوپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان کردووە، بەتایبەتی لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی 39 رۆژە لە ناوچەکەدا.

لە مانگی رابردوودا، وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین دەستگیرکردنی 41 کەسی دیکەی راگەیاند، بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندییان بە گرووپێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەبووە.

 دەسەڵاتدارانی بەحرەین بەردەوام ئێران تۆمەتبار دەکەن بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەیان و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگەی بەحرەینی.