ئەمریکا: ترەمپ هیچ رێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران قبووڵ ناکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دۆناڵد ترەمپ بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە هەڵەکانی رابردوو دووبارە بکاتەوە، هەروەها رەزامەندیی لەسەر "رێککەوتنێکی خراپ" لەگەڵ ئێران نادات.
پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز روونی کردەوە، ترەمپ هەڵەکانی رێککەوتنی پێشوو دووبارە ناکاتەوە، و پەلەی نییە لە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران" و، ئێستا کارتی فشاری زۆر بەهێزی بە دەستەوەیە، بۆیە هیچ رێککەوتنێکی خراپ قبووڵ ناکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە وڵاتەکەی ئەو تۆڕە ئێرانییانە دەکاتە ئامانج کە هەوڵی خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا دەدەن.
دەشڵێت: "بەهۆی سزاکانمانەوە، رۆژانە ئێران لە سەدان ملیۆن دۆلار بێبەش دەکەین." هەروەها تیشکی خستە سەر دۆخی ناوخۆیی ئێران و رایگەیاند: کە سەرکردایەتیی ئێران تووشی لێکترازان و درزێکی گەورە بووە، ئەمەش دوای کوژرانی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ریزی یەکەم و دووەمی ئەو وڵاتە.
سەبارەت بە شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران، پیگۆت ئاشکرای کرد، کە پەیوەندییەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە و ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان هەردوو لادا هەیە.
جەختیشی کردەوە کە بنەمای هەر دانوستانێک بریتییە لە سەروەریی لوبنان و ئاسایشەکەی، بۆیە واشنتن هەوڵ دەدات زەمینەیەک بۆ گفتوگۆیەکی نیازپاکانە برەخسێنێت کە ببێتە هۆی هێنانەکایەی ئاشتی.
چەندین هەفتەیە ئێران و ئەمریکا چوونەتە نێو دانوستانی ناڕاستەوخۆوە بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هەرچەندە لە هەفتەی رابردوودا جۆرێک لە گەشبینی بە دی دەکرا، بەڵام زانیارییە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرۆکی ئەمریکا هەموارکردنەوەی زۆر توندتری بۆ نوێترین پێشنیاز زیاد کردووە کە ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، لە کاتێکدا تاران تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمیی لەو بارەیەوە رادەست نەکردووە.