ترەمپ هێرش دەکاتە سەر کۆمارییەکانی کۆنگرێس: "شەرم لەخۆتان بکەن"
سەرۆکی ئەمریکا، هێرشێکی توند دەکاتە سەر چەند کۆنگرێسمانێکی وڵاتەکەی، بەهۆی ئەوەی دەنگیان لەسەر بڕیارێک داوە کە دەسەڵاتەکانی ترەمپ سنووردار دەکات. سەرۆکی وڵاتەکە دەشڵێت: دیموکراتەکان تووشی نەخۆشی بوونە و پێیان باشە واشنتن شکست بهێنێت.
پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: "دوێنێ، لە دەنگدانێکی بێ مانادا، کۆنگرێس بە بەشداریی 4 کۆماری و تەواوی دیموکراتەکان، بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتە جەنگییەکانم دەنگی دا، ئەوەش لە گەرمەی دواقۆناغەکانی دانوستانەکانم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران."
هاوکات دەڵێت:"کێ دەتوانێت شتێکی وا ناپەروەردانە بکات؟ ئەوان دەزانن دانوستانەکان گەیشتوونەتە کوێ! دەنگدانەکەیان بێ مانا بوو".
هەروەها دیموکراتەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی پاڵنەری سیاسییان هەیە و گوتی: دیموکراتەکان بەهۆی 'نەخۆشیی دژایەتیی کوێرانەی من'ـەوە هان دەدرێن. ئەوان پێیان باشە وڵاتەکەمان شکست بهێنێت نەک سەرکەوتنێکی دیکەم پێ ببەخشن.
رەخنەی توندی لەو کۆمارییانەش گرت کە دەنگیان بە بڕیارەکە داوە و بە "عاشقانی خۆدەرخستن" ناوی بردن و گوتی: پێویستە شەرم لە خۆیان بکەن.
دوێنێ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیارێکی نوێی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەسەند کرد، بە مەبەستی رێگریکردن لە بەردەوامبوونی ململانێ سەربازییەکان دژی ئێران بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس.
بڕیارەکە بە زۆرینەی 215 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 208 دەنگی نەخێر پەسەند کرا. ئەوەی جێی سەرنجی ناوەندە سیاسییەکان بوو، چوار کۆنگرێسمان لە پارتی کۆماری (پارتەکەی ترەمپ) دەنگیان لەگەڵ دیموکراتەکان دا، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ بوونی نیگەرانی لە ناو هەردوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمریکا سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت.