هەفتەی داهاتوو چارەنووسی پۆستە وەزارییەکانی کابینەکەی زەیدی یەکلا دەکرێتەوە
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاشکرای کرد، کە چوارچێوەی هەماهەنگی سەرکردایەتیی جموجووڵێکی سیاسیی چڕ دەکات بۆ بەستنی کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان، بە مەبەستی متمانەدان بەو وەزیرانەی کە تا ئێستا پۆستەکانیان لە کابینەکەی عەلی زەیدی وەرنەگرتووە.
پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، ئیبتیسام هیلالی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ئاشکرای کرد، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت دەکەنەوە و سوورن لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان ساز بدرێت، بۆ ئەوەی متمانە بەو وەزیرانە بدرێت کە تا ئێستا پۆستەکانیان لە کابینەکەی عەلی زەیدی وەرنەگرتووە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد: "لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، کە بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو، ئامادەبووان بەکۆدەنگی جەختیان لەسەر پێویستیی تەواوکردنی پرۆسەی دەنگدان لەسەر وەزارەتە بەتاڵەکان لە ماوەی داهاتوودا کردەوە."
هیلالی تیشکی خستە سەر ئەوەی، کە "ئێستا بانگەواز و هەوڵە سیاسییەکان چڕ کراونەتەوە بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ساز بکات، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی بە یەکجاری متمانە بە تەواوی کابینەکەی زەیدی بدرێت و پرۆسەکە کۆتایی پێ بێت."
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی، متمانەی بە 14 وەزیری لە کابینەکەی عەلی زەیدی بەخشی.
ئەو وەزیرانەی کە متمانەیان پێ درا، بریتی بوون لە وەزیرانی؛ سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی، داد، پەروەردە، گواستنەوە، دەرەوە، نەوت، پیشەسازی، کارەبا، تەندروستی، ژینگە، کشتوکاڵ، دارایی و دەرەوە.
بەڵام لە کۆتایی پرۆسەکەشدا و دوای سەرکەوتنی پرۆسەی متمانەدان بە کارنامەی حکوومەت و 14 وەزیری کابینەکە، ئاڵۆزی لەسەر چەند پۆستێک دروست بوو و، سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری هەڵگرتنی کۆبوونەوەکەی بۆ کاتێکی دیکە دا، هەروەها 9 پۆستی وەزاری ماوە یەکلایی بکرێتەوە.