ترەمپ: کۆتاییم بە هەشت جەنگ هێناوە و نۆیەمیش لە رێگایە
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە وڵاتەکەی توانای سەربازی و ئەتۆمیی ئێرانی بە تەواوی لە نێو بردووە. هاوکات هۆشداریی دا کە هەر هەنگاوێکی تاران بۆ بەئامانجگرتنی سەربازانی ئەمریکا، دەبێتە خاڵی دەستپێکی جەنگێکی نوێ.
پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: کە تا ئێستا کۆتایی بە هەشت جەنگ هێناوە و نۆیەمیش لە رێگایە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمریکا خاوەنی باشترین سوپای جیهانە و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، هیچ پێویستییەکی بە هاوکاریی وڵاتانی ئەورووپا نییە.
سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، ترەمپ بە توندی هێرشی کردە سەر تواناکانی ئەو وڵاتە و وەسفی دۆخی تارانی بە "زۆر خراپ" کرد. سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد: "ئێران هێزی ئاسمانی و دەریایی نەماوە، ئێمە 159 کەشتیی ئەوانمان نوقوم کردووە."
گوتیشی: "توانا سەربازییەکانی ئێرانمان بە تەواوی لە نێو بردووە، بە جۆرێک تەنیا لە ماوەی سێ رۆژدا سوپاکەیانمان تێکشکاند و، ئێستا ژمارەیەکی زۆر کەم لە مووشەکیان ماوە."
لە درێژەی لێدوانەکانیدا، ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: "ئەگەر ئێران هەر سەربازێکی ئێمە بکوژێت، بە دڵنیاییەوە جەنگ دەست پێدەکاتەوە."
سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەکەش، دووپاتی کردەوە کە رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و هەموو لایەکیش لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ واشنتن هاوڕان.
روونیشی کردەوە: "وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان خاپوور کردووە، ئێستا تەنیا ئێمە و چین دەتوانین ئەو کەرەستانە دەربهێنین کە لە قووڵایی ژێر چیاکاندان."
هاوکات ترەمپ ئامادەیی خۆی نیشان دا کە لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران، "جێگەی شانازی دەبێت" بۆی کە لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای نوێی ئێران کۆببێتەوە.
لە تەوەری ململانێ نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە هەردوو قەیرانی ئۆکرانیا و لوبنان کرد و، داوای لە مۆسکۆ و کیێڤ کرد کە سازش بۆ یەکتر بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە "شتێکی مەزن دەبێت ئەگەر ڤلادیمێر پووتین و ڤلۆدیمیر زیلێنسکی یەکتر ببینن و پێکەوە کۆببنەوە."
سەبارەت بە قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ئاگربەست لە لوبنان، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد کە بۆ ئەم مەبەستە راستەوخۆ قسەی لەگەڵ حزبوڵڵا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و، پێی وایە کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لە لوبنان "شتێکی زۆر باش دەبێت."