رووسیا ئامادەیی بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی نیشان دەدات

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئاماژە بەوە دەکات، هەر رێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئێران، دەبێت بەرژەوەندیی وڵاتانی دراوسێ بپارێزێت.

ئەمڕۆ هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، رایگەیاند: هەر جۆرە رێککەوتنێکی گریمانەیی لە نێوان واشنتن و تاراندا، پێویستە نەک تەنیا بەرژەوەندییەکانی ئێران، بەڵکو بەرژەوەندیی وڵاتانی دراوسێش لەبەرچاو بگرێت.

لاڤرۆڤ لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بن لەو گفتوگۆیانەی کە ئێستا بە شێوەی "کەم و زۆر" لە ئارادان. ناوبراو جەختی کردەوە کە رووسیا پشتگیری لە هەر هەوڵێک دەکات کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بە گرنگیی پێشخستنی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی دا و رایگەیاند، مۆسکۆ بە تەواوی ئامادەیە بۆ ئاسانکاری و نێوەندگیری لەم پێناوەدا. لاڤرۆڤ گوتیشی "پێشخستنی دیالۆگی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئێران کارێکی زۆر گرنگە و ئێمە هاوکاریی ئەو پرۆسەیە دەکەین."